بەرپرسێکی یەکێتی سکاڵا لە دژی بەرپرسێکی گۆڕان تۆمار دەکات
د. غالب محەمەد، سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "یەکێتی دەیەوێت بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵا کە سەر بە قەزای کفرییە، دەسەڵاتەکانی خۆی زیاد بکات، چونکە ئێستا بەڕێوەبەرێکی (موعەوەم)ی ھێناوە و دەیەوێت دەست بەکار بێت، ھەرچەندە بەڕێوەبەری ئێستا سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە و بەزۆرینەی دەنگ ھەڵبژێردراوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "قایمقامی قەزای کفری کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ماوەی 12 ساڵە قایمقامە و دەسەڵاتێکی دیاریکراوی ھەیە، لەسەر ئیداری گەرمیان پێویستە ڕێگە نەدات بەڕێوەبەرەکان دەست وەردەنە کاروباری یەکەکەوە، ھەروەھا ئیدارەی گەرمیان بەرپرسیاری ئەو ڕوووداوانەیە".
بە گوتەی غالب محەمەد، بە پێی یاسا، لە ھەر ناوچەیەک نەوت ھەبێت، دەبێت ھاووڵاتییانی ئەو سنوورە دابمەزرێنن، ھەرچەندە ئەوە دەبێت لەلایەن بەڕێوەبەری شارەدێییەکەوە کارمەندەکان دەستنیشان بکرێن، بەڵام قایمقام بێئاگایی خۆی لەو دامەزراندنانە دەردەبڕێت".
لە بەرامبەردا جەلال شێخ نووری، قایمقامی کفری ڕایگەیاند: "لێژنەیەکمان پێکھێناوە بۆ دامەزراندنی کارمەند و ھاووڵاتییانی سنوورەکە، کە بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵا وەک سەرۆکی لێژنەکە دیاریکراوە و بەڕێوەبەرێکی (موعەوەم)مان داناوە تا ئاگاداری وردەکاریی دامەزراندنەکان بین و بە شەفافی دامەزراندنەکان بکرێت".
بە گوتەی قایمقامەکە، قسەکانی ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ”نادروستن“ و دەڵێت: ”تەنھا لایەنی بەڕێوەبەری شارەدێییەکەی وەرگرتووە، دەبوو وتەی قایمقامیش وەربگیرایە“.
جەلال شێخ نووری ئەوەی نەشاردەوە کە بەهۆی قسەکانی غالب محەمەدەوە، بڕیاریان داوە سکاڵای یاسایی لە دژی ئەندامەکەی ئەنجومەین پارێزگای سلێمانی تۆمار بکەن. گوتیشی: ”دەبێت وتەکانی بسەلمێنێت“.
باسنیوز
