داوا دەکرێت ڕێککەوتنی نەوتی کەرکووک لە هەولێر بکرێت نەک بەغدا
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: "دوێنێ چوونە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران کە ئێستا حکوومەتی عێراقی خەریکی ئەو پرۆژەیەیە، وەزیر نەوت و وەکیل وەزیرەکان لەوێ بوون لێم پرسین، هیچ ڕێککەوتنێک هەیە لە نێوان عێراق و ئێران بۆ نەوتی کەرکووک، ئەوان گوتیان رێککەوتن نییە لێگەیشتنە، دەبێت دیراسە لە نێوان هەردوولادا بکرێت."
لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد: "منیش گوتم ئایا بەبێ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رێککەوتن دەکرێت؟ چونکە دەنگێکی ناڕەزایی هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و خەڵکی کوردستان، ئەوانیش گوتیان جاری پرۆژەیە ئەگەر هەموو لایەنەکان لەسەری رازی بن، ئیتر کێشەی چییە".
گوتیشی: "ئەم پرۆژەیە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئاگاداری بن سێ مەبەستی هەیە، یەکەم مەبەستی ئابووری، کە هەر دەوڵەتێک دەیەوێت ئابووریی خۆی بەهێز بکات، لەڕێگەی گازی سروشتی و نەوتەوە کە عێراق ئەمە تموحییەتی، دووەم، دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە پرۆژەی کەرکووک بکەنە پرۆژەیەکی سەربەخۆیی، وەک ئەوەی هەڵبژاردنی کەرکووک تایبەتی و ئابووری بێت، کە ئەمەش مەترسییە و دەستێک لە پشت ئەم سیاسەتەوە هەیە بۆ ئەوەی بڵێن شاری کەرکووک نە عەرەبییە نە کوردییە".
گوتیشی "بۆیە دەبێت کورد لەم مەترسییە ئاگادار بکرێتەوە، سێیەم، دەیانەوێت لەڕێگای ئەم پرۆژەوە کەرکووک لە هەرێمی کوردستان داببرێنرێت و کەرکووک لە کوردستانی دابماڵن، بۆیە لە ئەگەری رازیبوونی هەرێمی کوردستان، بەم لێک گەیشتنە دەبێت مەرجی هەبێت، چونکە ئێستا حاکمی کەرکووک هەرێمی کوردستانە و دوو ساڵە بەغدا بوودجەی کەرکووکی بڕیوە و وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵ ناکات، بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەمە ڕازی بوو، دەبێت لە هەولێر ڕێککەوتنەکە بکرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بکات".
باسنیوز
