بەرپرسێکی پارتی: جموجۆڵەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک جێگەی مەترسییە

بەرپرسێکی پارتی: جموجۆڵەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک جێگەی مەترسییە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان، باس لە مەترسیی جووڵەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دەکات و دەڵێت “ئەوەی هەیە مەترسییە”.



تەها تەیفوور، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سێی پارتی لەو شارە، بە ڕاگەیاند: “جووڵەیەک لە کەرکووک هەیە، ناردنی داعش بەبێ بەرنامە نەبووە، ئێستاش نانووسکردنی خەڵک بۆ حەشد بەبێ بەرنامە نییە، ئەجێندایەکە لەم کاتەدا هەیە بۆ پیلان لە دژی هەرێمی کوردستان”.



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووکی پارتی ڕوونی کردەوە: “کوردستان هەنگاوی دیپلۆماسیی باشی ناوە، بۆ سەربەخۆیی گەلی کوردستان، ئاستەنگی زۆر دێتە پێشەوە، بە داخەوە کورد لە هەندێکجار خۆی هۆکار بووە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی ڕەوشی شاری کەرکووک، ئەگەر بۆیان بکرێت کورد لەو شارە لەناو دەبەن".



دووپاتیشی کردەوە: "هەموو ئەگەرەکان بۆ کەرکووک هەیە، بەتایبەت ئەجێندایەکی بەهێز هەیە لەدژی ئەو شارە و زەمینەی خراپی پەیوەندیی حزبیش وای کردووە کە جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایە ئاسانتر بێت".






باسنیوز
Top