نەجمەدین كەریم لە واشنتن: هەڵبژاردن مافی كەركووكییەكانە
رۆژی دووشەممە 27-2-2017 لە واشنتن، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لەگەڵ جۆزێڤ بینگتۆن، یاریدەدەری بریكاری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەی پارێزگاری كەركووك، لە دیدارەكەدا بەگشتی گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و، بەتایبەتی رەوشی شاری كەركووك كراوە.
نەجمەدین كەریم جەختی لەسەر شكستی داعش لە سەرجەم بەرەكاندا كردووەتەوە، بەتایبەتی لە بەرەی موسڵ. ئاماژەی بە گرنگی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانیش بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان كردووە و رایگەیاندووە "پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ كێشە سیاسییەكان لە عێراقدا بدۆزرێتەوە، بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپی تووندڕەو و تیرۆریستی هاوشێوەی داعش، كە بوونەتە مەترسی لەسەر وڵات و ناوچەكە و هەموو جیهاندا".
پارێزگاری كەركووك جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركووكدا كردووەتەوە، وەكو مافێكی رەوای دەستووری و یاسایی هاونیشتمانیانی كەركووك.
لەبارەی مەترسی داعش لەسەر كەركووك نەجمەدین كەریم رایگەیاندووە "تیرۆریستانی داعش نەیانتوانیوە لە شارەكەمان نزیكببنەوە، بەهۆی قارەمانێتی و قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگە و رەتكردنەوەی تیرۆریستان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، كە هەمیشە پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان بوونە".
لەبەرامبەردا یاریدەدەری بریكاری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی ئیدارەی كەركووك دەربڕیوە و، تێگەیشتنی خۆی لەبارەی ئەو تەگەرانەی هاتوونەتە بەردەم ئیدارەی كەركووك خستووەتەڕوو، بەتایبەتی لە دۆسیەی كێشەی ئاوارەكاندا.
ماوەی چەند رۆژێكە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك بەسەردانێك لە ئەمریكایە، بڕیارە چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا لەبارەی كەركووك و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق ساز بكات.
رۆژی 17-1-2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەدوای كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، رۆژی 16-9-2017 -ەیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەستنیشان كردووە.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دوایین راپۆرتیدا لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رایگەیاند: هەڵبژاردن لە هەموو پارێزگاكانی عێراق لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوول لەكاتی خۆیدا دەكرێت، جگە لە كەركووك و موسڵ.
لە ساڵی 2005 ەوە هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە كەركووك ئەنجام نەدراوە، ئێستاش بۆچوونی كورد و توركمان لە یەكدی نزیكن و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام عەرەبی كەركووك بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دەنگدەرانی حەویجە عەرەبن، تاوەكو ئێستا هەڵوێستی خۆیان نەخستووەتەڕوو.
بەگشتی لە تەواوی پارێزگاكە نزیكەی 900 هەزار دەنگدەر هەن. كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە كەركووك 43 بنكەی تۆماری دەنگدەرانی هەیە، لەو بنكانەش 9 یان لەژێر دەستی داعشدان. هەروەها بەپێی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگانیش دەبێت پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانی كەركووكدا بكرێت.
رووداو
