میری كوردانی ئێزیدی گەیشتەوە شێخان
میر تەحسین بەگ میری کوردانی ئێزیدی دوای گەیشتنەوەی بەهەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لەنێو ئاپۆڕای کوردانی ئێزیدی لە شارۆچکەی شێخان داوای برایەتی و پێکەوە ژیانی کرد.
میری كوردانی ئێزیدی لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە، گوتی "دوعای خێر بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەكەم و لە خوا داواکارم سەلامەت و تەندروست بیانهێڵێت".
میر تەحسین بەگ دوای سێ ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، دوێنێ گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، کەمێک پێش گەیشتنەوەی بەشارۆچکەی شێخان لەلایەن ئێدارەی قەزای شێخان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی پێشوازی لێ کرا و لەلایەن هاووڵاتیانی کوردی ئێزیدی بەگوڵ پێشکەشکردن و دەست ماچکردن و خۆشحاڵی دەربڕین لە پێشوازی میر تەحسین بەگ راوەستان.
لە گەرمەی پێشوازیکردن حازم میر تەحسین بەگ بەناوی میری ئێزیدییان گوتی "پێشمەرگە لە سەرەتاوە تا ئێستە هیچ درێغی نەکردووە لە پاراستنی شنگال و کوردانی ئێزیدی. سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە دادەنوێنین، ئێمە ئەو خەبات و قوربانیدانەی پێشمەرگە لەبیر ناکەین".
گوتیشی "بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان داوای ئاشتی و تەبایی بۆ تەواوی شنگال دەکەین، هەروەها داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین پەلە بکەن لە ئاوەدانکرنەوەی شنگال و خزمەتگوزاری پێشکەش بەشارەکە بکەن".
bas news-
