ھاتوچۆی ھەولێر: زیاتر لە 2 ھەزار 300 ماتۆڕسکیل دەستی بەسەردا گیراوە

 ھاتوچۆی ھەولێر: زیاتر لە 2 ھەزار 300 ماتۆڕسکیل دەستی بەسەردا گیراوە
گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژانە ھەڵمەتی گرتنی ماتۆڕسکیلیان ھەیە، بەتایبەتی جۆری بەدع، کە لە بنەڕەتدا تۆمار ناکرێن و قەدەغەن.



فازل حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەوەتەی شەقامی 120 مەتری ھەولێر تەواو بووە، بەشێک لە شوفێرانی ماتۆڕسکیل ڕۆژانە نمایشی لێدەکەن و مەترسی لەسەر گیانی خۆیان و خەڵکی دروست دەکەن، بۆیە ڕۆژانە ھەڵمەتی گرتنی ماتۆڕسکیلمان ھەیە و مەفرەزەی لێ دادەنێین، ئەمڕۆ دووشەممە لە کەرتی عەنکاوە چەندین ماتۆڕسکیل دەستی بەسەردا گیرا".


گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئێمە ڕۆژانە ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو ماتۆرسکیلانەمان ھەیە، ئەگەر گەراجی فەرمانگەکەمان ببینن، لەوانەیە ئەقڵ بڕوا نەکات کە چەندی دەستی بەسەردا گیراوە، زیاتر 2ھەزار و 3سەد ماتۆڕسکیل، گیراون بە خاوەنەکانیان نادرێنەوە، تەنیا ئەوانە نەبن کەلای ئێمە تۆمار دەکرێن و مەفێسیان ھەیە، ئێستا شوێنمان نەماوە".



گوتیشی: "ئەو ھەڵمەتە بەردەوامە، بەتایبەتی ماتۆڕسکیلی جۆری (بەدع) کە قەبارەیان گەورەیە و دەنگیان بەرزە، نمایشی پێدەکەن، چونکە قەدەغەیە و لامان تۆمار ناکرێن، بۆیەش نادرێنەوە".


لەبارەی ھاتنی ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلە، فازڵ حاجی، بۆ (باسنیوز) جەختی لەوە کردەوە: "زیاتر لە سێ ساڵە ئەو ماتۆڕسکیلانە لە سنوورەکانەوە، نەھاتۆتە ھەرێمی کوردستان، ئەوەی دێتە کوردستان لە ھێلی کەرکووکە و بە پارچەکراوی و بە قاچاغ دێت، لێرە کۆی دەکەنەوە و دەیکەنە ماتۆڕسکیل، ئەو جۆری بەدعەش، زۆربەی لە شوێنی خۆی دزراوە، چونکە نرخیات تا 10 ھەزار دۆلار دەڕوات".
bas news-
Top