مستەفا شەفیق: وەرچەرخانێکی گەورە لە پێوەندیی کوردستان و تورکیادا ڕووی داوە
(مستەفا شەفیق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''(سەردانی بارزانی) بۆ کۆنگرەی میونشن و دواتر بۆ فەڕەنسا و تورکیا، ئەوە دەردەخات کە دیپلۆماسیی کورد بەردەوام بەرەو هەڵکشانە و، ئەو هەڵکشانەش لە کاتێکدایە، کە پرسی سەربەخۆییی کوردستان، پرسی ئازادکردنەوەی مووسڵ، پرسی ڕەققە و ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژەڤدایە و، بابەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و پرسی چارەسەریی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و، پرسی نەوت و وزەش لەگۆڕێدایە و کۆمەڵێک بابەتی گرینگ لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا هەن، کە هەموویان گرینگن، بەڵام لە هەموویان گرینگتر پرسی سەربەخۆییی کوردستانە.''
راویژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''لە سیاسەتی نوێی ئەمەریکادا کۆمەلێک گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئاشکرا دەبن و، لەو سیاسەتە تازەیەدا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان ڕۆلێکی زۆر تایبەتە، نە وەک ڕۆڵی سوننەیە و نە وەک ڕۆڵی شیعە، بگرە ڕۆڵی کوردستانە بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی)، بۆیە ئەم سەردانە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشەکان و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، هەرچەندە لەو هاوکێشە نوێیەدا، ئێمە پلەی یەکەم نین، بەڵام بڕیاردان بەبێ بۆچوونی هەرێمی کوردستان سەرناگرێت، بۆیە کوردستان بووەتە سەنگێکی بەهێز لەگۆڕنکاریی ناوچەکەدا.''
(مستەفا شەفیق) گوتیشی: ''ئێستا سیاسەتی (بارزانی) بووەتە نێوەندی بڕیار و، هەولێر سەنتەری ئەو نێوەندەیە. لەسەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان هیچ بریارێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر نەگەرێنەوە بۆ لای (بارزانی) و، لە باشووری کوردستان (بارزانی) سیاسەتێکی بەهێز ڕەچاو دەکات و لە باکووری کوردستانیش سیاسەتی (بارزانی) سەرقافڵەی پرسی ئاشتییە، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە تورکیا زۆر بایەخ بە هەڵوێستەکانی (بارزانی) دەدات.''
kdp-
