ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: ئەوجۆرە پێشوازیکردنەی تورکیا لە بارزانی دداننانە بە هەرێمی کوردستاندا

 	 ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: ئەوجۆرە پێشوازیکردنەی تورکیا لە بارزانی دداننانە بە هەرێمی کوردستاندا
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، ئەوجۆرە پێشوازیکردنەی تورکیا لە (بارزانی)، ددانپێدانانە بە واقعی ھەرێمی کوردستاندا؛ ئاماژەیشی دا، کە پێویستە (پەکەکە) و (ھەدەپە) پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن، بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی تورکیا بکەن و قۆناغ بە قۆناغ کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، (بەھزاد زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا ھیچ حکوومەتێک نەبووە ھێندە ڕێز لە کورد بگرێت. هەر ١٥ ساڵ پێش ئێستا تەنانەت هێنانی ناوی کوردستان لە تورکیا قەدەغە بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین لە سەردانی فەرمیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا بۆ تورکیا، بە فەرمی ئاڵای کوردستان ھەڵدەدرێت، ئەمە نیشانەی ددانپێدانانێکی ڕاستەوخۆیە بە واقعی ھەرێمی کوردستاندا.''

(بەھزاد زێباری) گوتی: ''ھەندێک پاشگەزبوونەوە لەو پرۆسەی ئاشتییە ھەبوو کە چەند ساڵێک لەمەوپێش دەستی پێ کردبوو، ھیوادارین جارێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دەست پێ بکاتەوە و (پەکەکە) و (ھەدەپە)ش پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە بچن، وەک چۆن ھەرێمی کوردستان ماوەی ٢٦ ساڵە قۆناغ بە قۆناغ گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی کە ئێستا لە ھەموو بوارێکدا بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێت.''

(زێباری) گوتیشی: ''ئێستا تورکیا دەوڵەتێکی کاریگەرە لەسەر ھەرچوار پارچەی کوردستان، بۆیە ئەگەر ددان بە ھەرێمی کوردستاندا بنێت، دواتر بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەنگاو دەنێت.''
kdp-
Top