ئەحمەد تورک: سەرۆکی کوردستان داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی کردووە
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی نێوداری باكووری كوردستان دەڵێ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و هاوڕێکانی کردووە. دەشڵێ بارزانی ئەکتەرێكی گرنگە بۆ دۆزی کورد.
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی مێردین، رۆژی دووشەممە 27-2-2017، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان لە شاری ئەنقەرە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وامان لێدەکەن یەکگرتوو بین. بەپێویستیشی زانی هەموو سیاسییەکان رۆڵی خۆیان ببینن لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی.
لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش، ئەحمەد تورك گوتی، بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی کردووە. هەروەها بەپێویستی زانی حكومەتی توركیا سیاسەتی بەرامبەر گەلی كورد بگۆڕێ و رایگەیاند، هاوسەرۆکانی هەدەپە لە زینداندان و ئاشتی بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام نابێت.
رووداو
