ئەحمەد تورک: بارزانی داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی دەکات
لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد تورک، کەسایەتیی سیاسیی کوردستانی باکوور و یەکێک لە سەرکردەکانی هەدەپە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ گۆڕانکاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاو دەکەوێت، بۆ کوردان گرنگە کە بە ڕێگەی دیپلۆماسی کار بۆ مافەکانی خۆی بکات و لەنێو سیاسەتمەدارانی کورددا یەکێتیی فیکر و ڕامانی خۆیان یەک بخەن. پێویستە ئەو سیاسەتە هەبێت“.
ئەوەشی دووپات کردەوە: ”سەرۆک بارزانی، بۆ کوردان کارەکتەرێکی گەلێک گرنگە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کاراکتەرێکی مەزنە، کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاراکتەرێکی مەزنە، ئێمە دەخوازین لەم کاتەدا ئەم شەڕە کۆتایی بێت و سیاسەتێک لە ڕێگەی دیالۆگ ڕۆڵی خۆی هەبێت“.
ئەحمەد تورک هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەدا ئەوەی نەشاردەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکانی کوردستان کە زۆرینەیان ئێستا لە زیندانەکانی تورکیا دان، هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە و داوای ئازادکردنیان دەکات. گوتیشی: ”ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتی هەبێت. سیاسەتمەدارانی کورد سیاسەتێکی بەرفراوان بکەن بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سوودمەند بن. ئێمە بۆ ڕۆژی ئەمڕۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی بە زەحمەت دەبینین، بەڵام بێ هیوا نین“.
