سەرۆك بارزانی و ئەحمەد تورک کۆدەبنەوە
بەپێی زانیارییارییەكان، کاتژمێر 9:30ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 27\2\2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەحمەد تورک، شارەداری پێشووی ماردین و کەسایەتیی سیاسیی کوردستانی باکوور، کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە چۆنیەتی دەست پێ کردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و کوردستانی باکوور بکرێت.
هەر ئەمڕۆ و لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد تورک، بارزانی لەگەڵ بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆدەبێتەوە.
پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە 26\2\2017ی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیادا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەت لە بواری ئابووری خراوەتە بەر باس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بە دەرئەنجامەكانی سەردانی پێشووی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان. ئەوەش ئاشکرا کرابوو کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی داعش و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ كراوە و سەرۆك كۆماری توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپاتكردووەتەوە.
باسنیوز
