قوباد تاڵەبانی: بەم نزیکانە بەشێکی زۆری هەنگاوەکان چاكسازی جێبەجێ دەبن و سوودەکانیان بەدیدەکرێن

قوباد تاڵەبانی: بەم نزیکانە بەشێکی زۆری هەنگاوەکان چاكسازی جێبەجێ دەبن و سوودەکانیان بەدیدەکرێن


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە هەولێر، پێشوازی لە مێری کلاود بیبو وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کەنەدا و وەفدی یاوەری كرد.

لە کۆبونەوەکەدا كە ، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران پاش بەخێرهاتنی وەفدەکە، سوپاسی کەنەدای کرد کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی حکومەت و گەلی کوردستان بووە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، و داوای لێ کردن دوای کۆتایی هێنان بە داعش بەردەوام بن لە هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان.

دواتر بەوردی تیشکی خستە سەر چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لە سێکتەرە جیاجیاکاندا بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی دارایی و دووپاتیكردەوە، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دەستی بە چاکسازی كردووە و قۆناغی باشی بڕیوە، وبەم نزیکانە بەشێکی زۆری هەنگاوەکان جێبەجێ دەبن و سوودەکانیان بەدیدەکرێن.

سەبارەت بە شەڕی تیرۆریستانی داعش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە شکستەکانی ئەو گروپە دا و گرنگی دوای ئەو قۆناغە کرد و بە پێویستی زانی حکومەتی عیراق لە ڕووە سیاسیەکەوە هەنگاوی جدیتر بنێت بەڕووی ئاشتەوایی سیاسی و جۆری مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو شارانەی زۆرینە سوننە نشینن بەتایبەت ئەوانەی داعش داگیری کردبوون، بۆ ئەوەی هەستی فەرامۆشکردنیان نەمێنێت و بەشداری ڕاستەقینە بن لە دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیار.

دووپاتیشیكردەوە پێویستە هۆکارەکانی دروستبوونی داعش بزانرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە،چونكە داعش رێکخراوێکی تیرۆریستیە و لە عیراق دروست بووە، درۆستبوونیشی جگە لە ئایدیای توندرەوی، هەڵەی سیاسی هۆکارێک بووە بۆ گەشەکردنی.

لای خۆیەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە گرنگی توندوتۆڵ کردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی هەرێم و کەنەدای کرد وستایشی ڕۆڵی ئەو وڵاتە کرد لە هەمەهەنگی کردنمان لە شەڕی داعش وپێشکەش کردنی هاوکاری سەربازی و مرۆیی، وئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگرنگیەوە دەڕوانێتە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ کەنەدا و هەموو هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین.

وەزیری گەشە پێدانی نێودەوڵەتی کەنەدا، سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پێشوازی کردنیان، و ستایشی هەنگاوەکانی کردن بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەکان بە تایبەت هەنگاوەکانی چاکسازی و بەگرنگی زانی هەماهەنگیە فراوانتر لە نێوان هەردوولا دا هەبێت بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودی زیاتر لە ئەزموونی حکومەتی کەنەدی وەربگرێت، هیواشی خواست پەیوەندی نێوان هەردوولا دوای داعشیش بەردەوام بێت وستایشی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بەوەی كە هەنگاوی باشی ناوە لەمەسەلەی مافی مرۆڤ و بەتوانا کردنی هێزی ئافرەتان وژنان و یەکسانی ڕەگەزی . ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هاوکاری کردنی هەرێم لە دروستکردنی توانای لۆکاڵی بۆ خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان
payamner-
Top