دیندار زێباری: ئەو ڕێوشوێنانەی لە سەنتەر و خاڵەکانی پشکنیندا پیادە دەکرێن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمە
لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا، (د. دیندار زێباری)، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دوای هاتنی داعش حکوومەتی هەرێم لە هەموو ڕووەکانەوە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بووەوە و لەم بارەیەوە گوتی: ''هاتنی ئاوارە و پەنابەران جگە لەوەی لەڕووی ئابووری و دارایییەوە بارودۆخی هەرێمی ئاڵۆز کرد، لەڕووی ئەمنیشەوە ئەرکێکی زیاتری خستە سەرشانی دامودەزگا ئەمنییەکان، چونکە لە ڕۆژی هاتنی داعش و داگیرکردنی موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەرییەوە، بە سەدان هەزار ئاوارە ڕوویان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد. لە لایەکی ترەوە بۆ ڕێکخستنی هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و نیشتەجێکردنیان و بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و سەلامەتیی هاووڵاتیان، بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێوشوێنێکی ئەمنییان گرتەبەر، کە بەبێ جیاوازی گشت دانیشتوانی هەرێم دەگرێتەوە.''
سەبارەت بەو ڕێوشوێنانە (زێباری) گوتی: ''بەشی هەرەزۆری ڕاگوێزراوان لەڕێی ساترەکانی پێشمەرگەوە ڕوو لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم دەکەن، ئەمەش ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساترەکاندا قورس دەکات و دووریش نییە کەسانێکی سەر بە داعش هەوڵ بدەن لەنێو ئاوارە و ڕاگوێزراوەکاندا خۆیان بگەیەننە ساترەکان. هەربۆیە لەگەڵ هاتنى ڕاگوێزراوان بۆ ساترەکان، وەک ڕێوشوێنێکی ئەمنی، تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن، ئەویش پشکنینێکی زۆر ئاسایییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژە لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى. دواى گواستنەوەیان، لە سەنتەرەکانى پێشوازى تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک ئافرەتەکان ناپشکێندرێن. تەنانەت ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، خۆیان گلەیییان کردووە، کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن؟ بەڵام بۆ ڕەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و ڕاگرتنی حورمەتی خەڵکەکە، تا ئێستا ئافرەتە ڕاگورێزراوەکان نەپشکێندراون.''
سەبارەت بە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسانی گومانلێکراویش، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ''زۆرجار لەنێو ڕاگوێزراوەکاندا کەسانی خراپەکار و داواکراویش هەن و بەشێکیان لە ترسى ئەوە هاتوون، کە ڕەنگە لەلایەن دانیشتوانى ناوچەکەیان و خزم و کەسوکاریانەوە تۆڵەیان لێ بسەندرێتەوە، بۆیە لایەنە پێوەندیدارەکان ناچارن لێکۆڵێنەوە لە ناوەکانیان بکەن و زانیارییان لەسەر وەربگرن. سەرەتا ئەو ئاوارانەى لە کەمپەکاندا نیشتەجێ دەبوون، هاووڵاتییانی بێتاوان و بێکێشە بوون و هۆکاری سەرەکیی هاتنیشیان پاراستنی ژیانی خۆیان لەدەست تیرۆریستان بووە، بۆیە بەشیکى زۆر لەو ڕاپۆرتانەى کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەینووسن لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە زانیاریی تەواو و وردیان دەربارەی پێکهاتەی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی نییە. لە سەنتەرەکانی پێشوازی ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە یان داواکراون، یەکسەر ڕەوانەی ئاسایش و دادگا دەکرێن، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ بگیرێتەبەر و، تا ئێستا تەنیا لە سەنتەری پێشوازیی کەمپی دیبەگە، زیاتر لە (2000) کەس لەڕێی سەنتەرەکەوە دەستگیر کراون؛ کە بەشێکی زۆریان بە بەڵگەی تەواو لەسەریان ساغ بووەتەوە، ئەندامی داعش بوون، هی واشیان تێدایە دوو ساڵ لە ڕیزەکانی داعشدا بووە، تەنانەت قەنناسبەدەستى داعش بوون و بەشداریی خولی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و هزریی داعشیان کردووە.''
سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیرکردن لە سەنتەرەکانی پێشوازی و کەمپەکاندا، (زێباری) گوتی: ''بەشی هەرەزۆری ڕاگوێزراوان لەڕێی ساترەکانی پێشمەرگەوە ڕوویان لە هەرێم کردووە، بەڵام لە ساترەکاندا هیچ جۆرە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیەک لە ناوەکان ناکرێت و سەنتەرەکانی پێشوازی فلتەری یەکەمن بۆ جیاکردنەوەی ناوەکانیان و پێویستە وردبینی لە زانیارییەکاندا بکرێت. پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە سەنتەرەکانی پێشوازی تەنیا تۆمارکردنى زانیاری و پرسیارکردنە لە ناو و شوێنى نیشتەجێبوونیان و بە شێوەیەکى ئاشکرا و بە بەرچاوى خەڵک و ڕێکخراوەکانەوە پرسیار و وردبینییەکە دەکرێت. دواتر ئەو زانیارییانەى لە ڕاگوێزراوان وەرگیراون، بۆ دڵنیابوون لە ڕاستى و دروستییان دەنێردرێن بۆ سەرچاوەکانى زانیارى و، دوای دەستگیرکردنی کەسانی گومانلێکراو، یان داواکراو، کەسوکاریان لە دەستگیرکردن و تۆمەتەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە و، ماوەى مانەوەیان لەلای ئاسایش تەنیا (24) کاتژمێر بووە، ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبێت، پێوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە، ڕەوانەى دادگاى تایبەت کراون و، ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت، ئەوا ئازاد کراون.''
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا (دیندار زێباری)، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ''ڕێکخراوەکانی ( UNHCR و قەندیل و دەزگای خێرخوازیی بارزانی) لە سەنتەرەکانی پێشوازین، بۆ یارمەتیدانی ڕاگوێزراوان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان. ڕێکخراوی (قەندیل) وەک ڕاوێژکاری یاسایی لەڕووی یاسایییەوە یارمەتییان دەدات و، ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن و پێویستییان بە پارێزەر دەبێت، بۆیان دابین دەکات و، مافەکانی خۆیان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لە کاتی شەڕیشدا هەندێک کەس دەستگیر دەکرێن و دوای لێکۆڵینەوەیان، ئەگەر بێتاوان بن، ئازاد دەکرێن و ئەگەر پێوەندیشیان بە داعشەوە هەبێت، بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژەتیرۆر ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە، دوای ئازادکردنی ناوچەکانی بندەستی داعش و گەڕانەوەی دانیشتووانەکانیان، سەرەتا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە ئازاد کران، تەنیا ئەوانە نەبێت کە ددانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، یان دەستیان لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا هەبووە.''
kdp-
