تارق نووری: بەرپرسەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەر پرسی ئەمنی دەستگیر کراوە
(د. تارق نووری)، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزەکانی ئاسایش کەسێکیان بە ناوی (ئازاد نەجمەدین) دەستگیر کردووە و کەیسەکەی لەلای دادگا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و، دەستگیرکرانەکەی پێوەندیی بە پرسی ئەمنییەوە ھەیە. چونکە ئێمە ھیچ کەسێک دەستگیر ناکەین، ئەگەر پێوەندیی بە ڕەوشی ئەمنییەوە نەبێت و ھەموو دەستگیرکردنێکیش بە فەرمانی دادوەر دەکرێت و، دادوەر کەیسی کەسی دەستگیرکراو یەکلا دەکاتەوە، ئەگەر تۆمەتەکە لەسەری ساغ بووەوە، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەپێچەوانەشەوە ئازاد دەکرێت.''
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر دەشڵێ: ''ئێمە کەس دەستگیر ناکەین، بەهۆی ئەوەی سەر بە کام لایەنی سیاسییە و، دەستگیرکردنی (ئازاد نەجمەدین) پێوەندیی بە حزبەکەیەوە نییە. ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگاین، ڕۆژانە دەیان خەڵک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێت، ئێمە نازانین ئەوانەی دەستگیر دەکرێن سەربە چ لایەنێکی سیاسین. ئێمە، خۆمان لایەنە سیاسییەکان دەپارێزین و کێشە بۆ ھیچ کەس و لایەنێکی مۆڵەتی یاسایی هەبێت، دروست ناکەین.''
kdp-
