میرتەحسین بەگ گەیشتەوە کوردستان

 	 میرتەحسین بەگ گەیشتەوە کوردستان
ئەمڕۆ (میر تەحسین بەگ)، میری ئێزدیان لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و لە لایەن (سیداد بارزانی)، نوێنەری (سەرۆک بارزانی) و بەرپرسانی حکوومی و حزبییەوە پێشوازیی لێ کرا.

(میر تەحسین بەگ)، میری کوردانی ئێزدیی جیهان، کە ماوەی سێ ساڵە نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان.

میری ئێزدیان لەلایەن هەریەک لە (سیداد بارزانی)، نوێنەری (سەرۆک بارزانی) و، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ میرانی) و، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان (سەعدی پیرە) و، نوێنەری ئێزدیان لە پەرلەمانی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا، (میر تەحسین بەگ) ڕایگەیاند، زۆر سوپاس بۆ برامان، کاک (سیداد بارزانی) و کاک (فازڵ میرانی) و برایانی دیکە کە هاتنە پێشوازیمان. سوپاس بۆ خوا گەیشتینەوە کوردستان و بڕیارە لە داهاتوودا لەگەڵ چین و توێژەکان دیدارمان هەبێت و، سوپاس بۆ هەموو لایەکیش کە هاوخەمییان بۆ پرسەی ئێمە نارد.

گەڕانەوەی (میر تەحسین بەگ) لە كاتێكدایە، رۆژی چوارشەممە 22-2-2017 خاتوو (تركو شێخ جندی)، هاوژینی یەكەمی لە تەمەنی 75 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە قەزای شێخان كۆچی دوایی كرد.
kdp-
Top