"نابێ قوتابییان بەهۆی نەدانی پارەوە لە پەیمانگای ئەهلی دووربخرێنەوە"
(حاجی ئیبراھیم)، بەڕێوەبەری پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، ڕایگەیاند: ''تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە نەدراوە و، لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتیشدا باسی لێوە نەکراوە، بەڵام دەکرێ داوای کەمکردنەوەی بکرێت و وەک ساڵی ڕابردوو ٢٠%ی نرخی کرێی خوێندن کەم بکرێتەوە، تا ئەو بارگرانییەی بەھۆی قەیرانی داریییەوە دروست بووە، کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر قوتابییان نەبێت.''
(حاجی ئیبراھیم) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''وەزارەتی پەروەردە نەیھێشتووە لەسەر نەدانی کرێی خوێندن یەک قوتابی لەو پەیمانگا ئەھلیانە دووربخرێتەوە و ھەرچوونێک بێت قوتابی دەتوانێ درێژە بە خوێندنەکەی بدات. ھەرچەندە لە زەرەری پەیمانگاکاندایە، بەڵام ھیچ چارەی دیکەی نییە، خۆ ناکرێت بەھۆی نەبوونییەوە قوتابی لە خوێندن بێبەش بکرێت. تاڕادەیەکی زۆریش پەیمانگە ئەھلییەکان ھاوکاریی قوتابییان و وەزارەتیشیان کردووە، بۆ ئەوەی قوتابییان بەچەند قیستێک کرێی خوێندنەکەیان بدەن.''
KDP
