بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لەپێشوازی سەرۆکی کوردستان هەڵدرا

بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لەپێشوازی سەرۆکی کوردستان هەڵدرا
سەرۆکی کوردستان رۆژی یەکشەممە 26-2-2017 گەیشتە ئیستەنبوڵ، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک بۆ پێشوازیکردن لێی ئاڵای کوردستان هەڵدرا.

راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیستەنبوڵ، رایگەیاند "کاژێر 03:30 خولەکی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان لە نەمساوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ".

ئەمە جاری یەکەمە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورکەوە لە ئیستەنبوڵ، ئاڵای کوردستان، عێراق و تورکیا بەیەکەوە هەڵدەدرێت، لەو شوێنەی تایبەتە بە پێشوازی لە میوانانی دەوڵەت، پێشوازی لە سەرۆکی کوردستان دەکرێت.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە و چەند مژارێکی گرنگی تایبەت بە سووریا و ناوچەکە تاوتوێ بکەن.

لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکرێت، مەسعود بارزانی پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ دەکات. پەیامنێری رووداو گوتیشی " پرسی پەکەکە لە شنگال، سووریا، پێشمەرگەکانی رۆژئاوا و نەوتی کەرکووک، لەو تەوەرانەن کە رەنگە بارزانی و بەرپرسانی تورکیا باسیان لێوە بکەن".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیارە سبەی 27-2-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان بچێتە ئەنقەرە و لەوێش لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆببێتەوە.

لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهان لە میونشن، لە دیدارێکی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان و بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بانگهێشتنامەیەکی پێشکەشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە تورکیا.


رووداو
Top