ئەنجوومەنی کەرکووک: ئاگاداری ڕێککەوتنی نەوتیی عێراق و ئێران نین.. ڕاوێژکارێک: ڕێککەوتنەکە سەرناگرێ
(ئەحمەد عەسکەری) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕ فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە ئاگاداری راکێشانی ھێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران نین، چونکە ئەمەی باسی لێ دەکرێت، زیاتر لە راگەیاندنی عەرەبییە و تەنیا لێدوانی وەزیرێکی حکوومەتی عێراقە. من بڕوام بەوە نییە، چونکە هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاری وا بۆ ئیدارە و پارێزگای کەرکووک نەھاتووە، لەوانەیە ھەر زەوقی وەزیر بێت ئەو لێدوانەی دابێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیسی "ئێمە ھەموو شتێکمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پێی خۆشە، ھیچ ھەلوێستی فەرمیمان رانەگەیاندووە، لەبەر ئەوەی زانیاریمان نییە ئەگەر بکرێت تا چەند لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک و ھەرێمی کوردستاندایە."
(عەلی بەلۆ) راوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەگەر ھیچ کێشەیەک لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا یانیش نێوان کەرکووک و بەغدا نەبوایە، رەوانەکردنی نەوت بەھەر رێگەیەکەوە بێت بۆ دەرەوە و گەیشتنی بۆ بازاڕ لە بەرژەوەندیی گشتیدایە، بەڵام راکێشانی ھێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، کێشەکەی لەوەدایە عێراق دەیەوێ رێککەوتنێک لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران بکات بێ گەڕانەوە بۆ ئیدارەی پارێزگای کەرکووک، بێ ئەوەی بۆچوونی نوێنەرانی خەڵکی کەرکووک وەربگرێت بەتایبەت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک."
(بەلۆ) جەخت دەکاتەوە لەوەی، مافی خەڵکی کەرکووک و ئیدارەکەیەتی رێگا نەدەن وەزارەتی نەوتی عێراق بەبێ ئیدارەی کەرکووک رێککەوتن بکرێت و گوتی، "چونکە پێچەوانەی دەستووری عێراقە، مافی ھەرێمی کوردستانیشە دڵگران بێت و ھەڵوێستی ھەبێت، لەبەر ئەوەی ھێشتا کەرکووک یەکێکە لەوناوچانە کێشەی لەسەرە و بە تەنیا لەژێر کۆنتڕۆڵی عێراقدا نییە تا بە ئارەزووی یاری بە سامانی کەرکووکەوە بکات."
ئاماژە بە رێککەوتنێکی ھاوشێوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆ گەشەکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، کە شکستی برد و نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە رەزامەندیی ئیدارەی کەرکووک و ھەرێمی کوردستانی لەسەر نەبووە، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان باوەڕی وایە "رێککەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی ئێرانەوە بەھیچ شێوەیەک سەرناگرێت، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی یاسا و دەستووری ھەمیشەیی عێراقە و بێ رەزامەندیی خەڵکی رەسەنی ناوچەکەیە، پێم وایە رێککەوتنێکی شکستخواردوو دەبێت."
KDP
