شارەزایان و سیاسەتمەداران: سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا زۆر گرینگە

 شارەزایان و سیاسەتمەداران: سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا زۆر گرینگە
شارەزایان و سیاسەتمەداران دەڵێن، ھەرێمی كوردستان لە ئێستادا رۆڵێكی گرینگی لە جیھاندا ھەیە، بۆیە توركیا پێویستی بە ھەرێمی كوردستان ھەیە و ھەرێمیش بە ھەمان شێوە، ھەر لەبەر ئەوەیە سەرۆك بارزانی سەردانی توركیا دەكات.

(د. مووسا كەڤاڵ)، شارەزا لە كاروباری توركیا، رایگەیاند: "رۆژ بەڕۆژ رۆڵ و پێگەی ھەرێمی كوردستان لە جیھاندا بەھێزتر دەبێت و لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان بووەتە كاراكتەرێكی گرینگ لە جیھاندا، بۆیە دوای بەشداریكردنی (سەرۆك بارزانی) لە كۆنگرەی میونشن، لە ئێستادا سەردانی توركیا دەكات، چونكە توركیایش دەیەوێت لە دوای ئەوەی (سەرۆك بارزانی) چاوی بە سەرۆكی وڵاتان كەوتووە، ئەوانیش چاویان پێ بكەوێت، بۆیە توركیایش بۆ ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی پێویستە و بە پێچەوانەوە توركیایش پێویستی بە ھەرێم ھەیە".

وا بڕیارە ئەمڕۆ ٢٦-٢-٢٠١٧، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی توركیا بكات و، لەگەڵ گەورەبەرسانی ئەو وڵاتەدا شەڕی تیرۆر، مووسڵی پاش داعش و پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان ھەولێر و ئانكارا بخەنە بەر باسەوە و، (د. كەڤاڵ)ـیش دەڵی: "لەو سەردانەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا دەكرێت و چۆنیەتیی پێشوەبردنی ئەو پەیوەندییانە بە شێوەیەكی گشتی دەخرێتە بەرباس لەگەڵ چارەكردنی پرسی كورد لە توركیا، لەبەر ئەوەی ماوەی چەند ساڵە كوشتن و توندوتیژی چارە نەبووە بۆ پرسی كورد، بۆیە پێویستە ئەمجارە پرسی كورد بە شێوەیەكی راست چارە بكرێت و مافەكانی كوردیش لە ھەموو بوارەكان بدرێت و وەكو میللەتێك بناسرێت".

ئەو جەخت دەکاتەوە، "سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەنگێكی نێودەوڵە‌تیی ھەیە، بۆیە توركیا گوێ لە (سەرۆك بارزانی) دەگرێت، بۆیە سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا زۆر گرینگە و خەڵكیش داواكارە لەو سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) باسی كێشەكانی كورد لە باكوور بكات و چاویان لێ ھەیە، بۆیە سەرۆكی هەرێم دەتوانی رۆڵێكی گەورەی ھەبێت و ھەمووانیش چاویان لەوەیە ئەو رۆڵە ببینێت".

هەر پەیوەست بەم پرسە، چاودێری سیاسی و سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ پرسە سیاسییەکان (محەممەد بازیانی)، ڕایگەیاند: "سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا لەم ئان و ساتەدا گرینگی تایبەتی خۆی ھەیە، پاش گەڕانەوەیەتی لە میونشن كە ئەو كۆنگرە گەورەیە چەندین كەسایەتیی جیھان بەشدارییان تێدا كردووە، (بارزانی)ـیش وەك سەرۆكی وڵاتێك پێشوازی لێ كراوە و ڕێزی تایبەتی لێ گیراوە، ھەروەھا زۆریك لە سەرۆكی وڵاتان و كەسانی خاوەن بڕیار چاویان بە (بارزانی) كەوتووە و ئەویش پرسی سەربەخۆیی كوردستانی داوە بە گوێیاندا و ڕاشكاوانە قسەی خۆی كردووە، بۆ تەواوكردنی ئەم سەردانانەیش سەردانی توركیا دەكات، بەپێی زانیارییەكان بانگهێشتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كراوە، بەڵام سەردانی بۆ توركیا بە تایبەت، گرینگیی خۆی ھەیە، چونكە توركیا وڵاتێكی گەورەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا".
(بازیانی) گوتیشی: "(سەرۆك بارزانی) بەم سەردانانەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و دراوسێكان، ئەوە دەسەلمێنێت كە كوردستان ڕۆڵی گرینگی لە شەڕی دژی تیرۆر و لە ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتیدا هەیە".












KDP
Top