گەرمیان.. ھەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی خۆکوشتن دەدرێت
موقەدەم لەمیعە، بەڕێوەبەری توندوتیژیی دژی ژنان لە ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی خۆکوشتن د، یا ھەوڵدان بۆ خۆکوشتن لەنێو قوتابییاندا، بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی گەرمیان گفتوگۆی کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ توێژەری کۆمەڵایەتیی قوتابخانەکانی سنوورەکە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت، تا چارەسەرێک و ڕێکارێک بۆ ئەو مەبەستە بدۆزرێتەوە".
گوتیشی: "ھەوڵ دەدرێت ئاستی توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان بەرز بکرێتەوە، تا ھەماھەنگییەک دروست ببێت بۆ کەم کردنەوەی ئەو دیاردەیەی لەنێو قوتابییاندا سەری ھەڵداوە، چونکە ھەوڵەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنرێنەوە کە بەھۆی دەرنەچوونیان لە وانەکانیان ئەو کارەیان ئەنجام داوە، ئەمڕۆ یەکشەممەش سەردانی ئەو دوو قوتابخانەیە کرا، کە دوو کچەکە قوتابی ئەو قوتابخانەیە بوون".
لە ئیدارەی گەرمیان ماوە نا ماوە ڕووداوێکی خۆکوشتن، یان ھەوڵدان بۆ خۆکوشتن دەبیسترێت، بەتایبەت لە قەزای کفری، پێش ماوەیەک کچە قوتابییەکی پۆلی 12 ئامادەیی بە دەمانچە خۆی کوشت، ھەروەھا لە ھەمان قەزا دوێنێ شەممە 25.2.2017، کچە قوتابییەکی دیکە کە لەدایکبووی ساڵی 2001ە و خۆی سوتاند، بەڵام تا ئێستا گیانی لەدەست نەداوە و ڕێژەی سووتانەکەشی زۆرە، ھۆکاری خۆکوشتنەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە لە وانەکانیان دەرنەچوون، ھەروەھا پیاوێکی بازرگان و پیاوێکی تەمەن 69 ساڵ لە قەزای کەلار خۆیان کوشت، بەم ھۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان ھەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوشتن لەو سنوورە.
باسنیوز
