بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستانی باکوور کۆ دەبێتەوە
بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو گەیشتوون، لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوتوێی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور دەکەن.
کۆبوونەوەکە، کە رۆژی دووشەممە 27.2.2017 لە تورکیا ئەنجام دەدرێت، دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی رۆژی یەکشەممە 26.2.2017 گەیشتووەتە تورکیا و بریارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان کۆ ببێتەوە.
لە ماوەی نێوان (مانگی 1ـی 2013 تاوەکە مانگی 7ـی 2015)، بە دەستپێشخەریی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا ئاگربەستیان راگەیاند و گەریلاکانی پەکەکە لە ناو سنووری کوردستانی باکوور و تورکیا چوونە دەرەوە.
لە مانگی 7ـی 2015 و بەهۆی کوشتنی دوو پۆلیس لە شاری سەرێ کانی لە کوردستانی باکوور لەلایەک پەکەکەوە، پرۆسەی ئاشتی کۆتایی پێهات.
باسنیوز
