ئەنجومەنی شنگال: پەکەکە گرفتمان بۆ دروست دەکات
وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال راگەیاند، چەکدارانی سەر بە پەکەکە ”دەزگا ئەمنییەکانی شنگال ئیستفزاز دەکەن، بازگەی سەربازی دادەنێن و ئاستەنگە لەبەردەم گەرانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال دادەنێن“.
وەیس نایف هەروەها رایگەیاند، رۆژی شەممە 26.2.2017 چەکدارەکان خروقاتێکی ئەمنییان لەناو شنگال ھەبووە، ”ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ھەڵوێستی خۆیان ئەوە شنگال بەرەو کارەسات دەبەن".
ئەو چەکدارانەی سەر بە پەکەکە، دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی موسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری شنگال جێگیر بوون.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
