دوو پێشمەرگە كۆرپەكانیان ناودەنێن شیفا
لە شاری دهۆك پێشمەرگەیەك بەناوی هەكار عەزیز، كۆرپەكەی كە هەشت رۆژە لەدایك بووە و تاوەكو ئەمڕۆ ناوی لێنەنابوو، ناودەنێت شیفا.
هاوكات پێشمەرگەیەكی دیكە بەناوی رێبەر ساڵح، كە رۆژی شەممە 25-2-2017 خوا كچێكی پێداوە، ناویناوە شیفا. رێبەر دەڵێت "زۆر بەداخم بۆ لەدەستدانی شەهید شیفا گەردی، شێرەژنی میدیای كوردی. جارێكی دیكە میدیای كوردی ئەستێرەیەكی لەدەستدا. هیوادارم خودای گەورە بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادی بكات و سەبووری گشت خزم و دۆستان و كەسوكار و هاوڕێكانی بدات".
دەشڵێت "زۆر سوپاسی خوا دەكەم كە ئەمڕۆ كچێكی بەمن بەخشی، منیش وەك پێشمەرگەیەك و وەكو وەفاداری بۆ خوشكی هەمیشە لەنێو دڵمدا زیندوو شەهید شیفا گەردی، بڕیارم دا كچە جوانەكەكەم ناوبنێم شیفا".
رۆژی شەممە 25/02/2017، بەداخەوە لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی لێهاتووی رووداو شەهید بوو، وێنەگرەکەشی یونس مستەفا بریندار بوو.
شیفا گەردی لەو ناوچەیە شەهید بوو، کە چەند رۆژێکە لە بەری راستی موسڵدا کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و لەوێدا بۆمبێکی چێندراوی بەجێماوی داعش پێیدا تەقییەوە.
شیفا گەردی، یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بوو، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵدا، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بە ناوی فۆکس موسڵ هەبوو، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و، راپۆرتی دەکرد.
شەهیدبوونی شیفا گەردی کۆستێکی گەورەیە بەر تۆڕی میدیایی رووداو و رۆژنامەنووسانی کوردستان کەوت و زیانەکەی پڕناکرێتەوە.
بەناوی تۆڕی میدیایی رووداو پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و تەواوی کارمەندانی رووداو و کەسوکاری شیفا گەردی و تەواوی رۆژنامەوانانی کوردستان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ یونس مستەفا دەخوازین.
