مامۆستایەکی زانکۆ: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ تورکیا پێوەندیی بە گۆڕانکاریی ناوچەکەوە ھەیە
(زێرەڤان بەرواری)، شارەزای سیاسی و مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە بڕوای من، سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، خۆی لە دوو فاکتەردا دەبینێتەوە؛ یەکەم فاکتەری دانوستانی (سەرۆک بارزانی) لەگەل بەرپرسانی تورک، پرسی نێوخۆی تورکیایە، ئێستا باس لە دەستپێکرانەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەنێو تورکیادا دەکرێت، چونکە تورکیا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی، کە ناتوانێت لەڕێی بەکارھێنانی ھێزی سەربازییەوە کێشەی کورد لەو وڵاتەدا چار بکات. زۆر باس لەوە دەکرێت، کە تورکیا دەیەوێت لەڕێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە)وە، دووبارە پرسی ئاشتی بجووڵێنێتەوە، بەتایبەتی دوای ئاساییبوونەوەی پێوەندیی نێوان ئەنکەرە و ڕووسیا، لەو پێوەندییەشدا تورکیا پێویستی بە کەسێکی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان هەیە، کە پێشتر ڕۆلێکی گرینگی لە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا هەبوو.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێ: ''لە یەکەم دەورەی پڕۆسەی ئاشتیدا، ھەرێمی کوردستان ڕۆلی گەورەی لە پڕۆسەی دانوستانی چارەکردنی کێشەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا گێڕا، بۆ ئەوەی گەلی کورد لە تورکیا مافی خۆی بەدەست بێنێت، بەتایبەتی جێپەنجەی سەرۆکی ھەرێم لەو بابەتەدا دیاربوو، لەبەر ئەوە تورکیا دەیەوێت جارێکی دیکەش (سەرۆک بارزانی) نێوانگیریی ھەردوولا بکات، بۆ ئەوەی دەست بە دانوستان بکەونەوە.''
(زێرەڤان بەرواری) دەشڵێ: ''پێموایە فاکتەری دووەم، پێوەندیی بە قۆناغی داھاتووی ناوچەکەوە ھەیە، نەخشەی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و، من لەو باوەڕەدام، کورد لە گۆڕانکارییە ھەرێمیەکاندا جێی خۆی دەکاتەوە. تورکیا پێی باشە کورد ڕۆڵی ھەبێت، چونکە تورکیا دەیەوێ پێوەندیی لەگەڵ کورد، بەتایبەت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھەردوولا بێت. قۆناغی داھاتوو، قۆناغێکی جیایە و، ئەگەر بێت و لەڕێی سیاسی و مەدەنییەوە کێشەی سووریا چارە بکرێت، ئەوا کاریگەریی لەسەر پێوەندیی نێوان تورکیا و کوردانی ڕۆژئاوا دەبێت و، ئانکارا دەیەوێت لە ناوچەکەدا هاوسەنگیی هەبێت و لەو پێوەندییەشدا بەتامەیە لەڕێی (سەرۆک بارزانی)یەوە ھاوسەنگی لەگەل کوردی ڕۆژئاوا دروست بکات.''
kdp-
