ئاژگەیی: ئەو پارتە بەلجیکییەی کچە کوردێکی کردووەتە وەزیر دۆستی کوردن

 ئاژگەیی: ئەو پارتە بەلجیکییەی کچە کوردێکی کردووەتە وەزیر دۆستی کوردن
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا ئاشکرای کرد، ئەو پارتە بەلجیکییەی کچە کوردێکی کردووە بە وەزیر، دۆستی کوردە و دامەزرێنەری پارتەکە بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، زوهال دێمیر، کچە کوردێکی کوردستانی باکوورە و پۆستی وەزیری دەوڵەتی بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و لەمپەرەکان و دەرفەتدان بە تواناکان و سیاسەت و زانست و شارستانیەتی لە حکوومەتی فیدڕاڵیی بەلجیکا پێ دراوە.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە زوهال دێمیر سەر بە پارتی هاوپەیمانیی فلامەکانە کە پەیوەندیی زۆر بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. گوتیشی: “خێرت بۆرژوا، دامەزرێنەری ئەو پارتە، ساڵی ڕابردوو بە سەردانێکی فەرمی و لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی (فلاندێرز)ی بەلجیکا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و سەردانی بەرەکانی شەڕیشی کردووە”.

ئاژگەیی ئەوەشی دووپات کردەوە، پارتەکە گەورەترین پارتی بەلجیکایە و لەسەر ئاستی پەرلەمانی فیدڕال و هەرێمی و بۆ جیابوونەوەی ئاشتییانە لە بەلجیکا کار دەکات. گوتیشی: “هەر بە بڕیاری ئەو، بڕیارە چەند پێشمەرگەیەک لە ئاییندەیەکی نزیکدا بۆ چارەسەری پزیشکی، سەردانی بەلجیکا بکەن”.













باسنیوز
Top