شیفا گه‌ردى له‌ مووسڵ شه‌هید بوو

 شیفا گه‌ردى له‌ مووسڵ شه‌هید بوو
به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێكى تۆڕى میدیای ڕووداو، شیفا گه‌ردى، میدیاكارى تۆڕه‌كه‌، ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 25ى شوباتى 2017 له‌ كاتى ڕووماڵكردنى ڕووداوه‌كانى شارى مووسڵ، شه‌هید بوو.

ئه‌و میدیاكاره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ شه‌هید بووه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ به‌رى ڕاستى مووسڵدا كۆنترۆڵكراوه‌ته‌وه‌ و لەوێدا بۆمبێکی چیندراوی بەجێماوی داعش پێیدا تەقیەوەتەوە.

ده‌قى ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ شەممە 25/02/2017، بەداخەوە لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی لێهاتووی رووداو شەهید بوو، وێنەگرەکەشی یونس مستەفا بریندار بوو.

شیفا گەردی لەو ناوچەیە شەهید بووە، کە چەند رۆژێکە لە بەری راستی موسڵدا کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و لەوێدا بۆمبێکی چیندراوی بەجێماوی داعش پێیدا تەقیەوەتەوە.

شیفا گەردی، یەکێک بوو لە کادیرە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بووە، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵدا، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بە ناوی فۆکس موسڵ هەبوو، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و، راپۆرتی دەکرد.

شەهیدبوونی شیفا گەردی کۆستێکی گەورەیە بەر تۆڕی میدیایی رووداو و رۆژنامەنووسانی کوردستان کەوت و زیانەکەی پڕناکرێتەوە.

بەناوی تۆڕی میدیایی رووداو پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و تەواوی کارمەندانی رووداو و کەسوکاری شیفا گەردی و تەواوی رۆژنامەوانانی کوردستان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ یونس مستەفا دەخوازین.

تۆڕی میدیایی رووداو

25/2/2017










باسنيوز
Top