د. عەرەفات كەرەم ستونی: هەوڵەکانی گۆڕان بۆ لەناوبردنی پڕۆژەکەی بارزانی سەرناگرێت
د. عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: لەگەڵ هەوڵەکانی بارزانی بۆ دەستپێشخەری لایەنەکان، هەوڵەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیش زیاد بووە بۆ نزیکبوونەوە لە نووری مالیکی”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “هەر شتێک پارتی پێی ناخۆش بێت، بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە دەکات، ئێستا لەبەغدا هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی خۆی لە مالیکی نزیک بکاتەوە، بەڵام ئێمە هیوادارین ئەم نزیک بوونەوەیە تەنیا بۆ بەغدا بێت نەک کاریگەری بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە لە کوردستاندا پڕۆژەی بارزانی هەیە بۆ ئاشتەوایی لەنێوان حزبەکانی کوردستان، هیوادارم ئەم سەردانانە دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایی بێت، نەک زیان بە کوردستان بگەیەنێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئەگەر گۆڕان مەبەستیەتی زیان لە پارتی بدات، ئەوا هەوڵەکانی لە شوێنی خۆیدا نییە، چونکە لە کوردستان هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەر، ئەگەر مەبەستیانە ئەم پڕۆژەیە پەک بخەن، ئەوا سەر ناگرێت، چونکە خەڵکی کوردستان لەپشت ئەم پڕۆژەوەیە".
لە نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەوەی ڕاگەیاند: “چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەم شێوەیە دەکرێت کە حزبەکان بکەونە گفتوگۆ و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و سەرۆکایەتییەکی تازە بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت، چونکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە، ناکرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران، دووبارە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەکان لەسەر ئەوە ڕێک بکەون حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێکیش بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم هەتا کاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت، بۆ ئەوەی ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بە هەموو توانایەک یارمەتیی ئەو پرۆسەیە دەدەم”.
باسنیوز
