هەدەپە پێشوازی لە داواکەی سەرۆك بارزانی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات
لەزگین بۆتان، پەرلەمانتاری بازنەی وانی هەدەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە و خاوەن پێگەی خۆیەتی، داخوازی ئەویش بۆ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، دەستوەردان نییە لە کاروباری تورکیا، بەڵکو بارزانی کاریگەری خۆی هەیە لەسەر گەلی کورد بە گشتی و ئاکپارتیش، داواکەشی لە شوێنی خۆیەتی".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە هەفتەی رابردوو بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی میونشن چووە ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فرانکفۆرت ئەلگماینەر سایتۆنگ-ی ئەڵمانی سەبارەت بە پرسی باکووری کوردستان و تورکیا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی کرد.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینەکەدا رایگەیاندووە: "ئەردۆغان بوێرییەکی گەورەی سەلماند و دەیویست وەک تاقە سیاسییەک بێت کە کورد و تورک لە پرۆسەی ئاشتی بگەیێنێتە یەکدی، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەندێک پێشهاتەی نوێ لە تورکیا هاتوونەتە ئاراوە".
بارزانی هەروەها داوا دەکات کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە ئازاد بکرێت و پێیوایە ئەوە لە بەرژەوەندی پرۆسەی ئاشتیدایە لە تورکیا کە دەمیرتاش و هاوحیزبەکانی ئازاد بکرێن.
بەرەبەیانی هەینی 4-11-2016 لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە لەگەڵ نۆ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو پارتە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکران. تاوەکو ئێستا هاوسەرۆکانی هەدەپە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە هێشتا لە زیندان ماون.
روداو
