ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دوا بڕیار دەدات

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دوا بڕیار دەدات
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و دوا بڕیار دەدات.



بەپێی هەواڵی میدیاکانی یەکێتی، رۆژی شەممە 25.2.2017، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە سلێمانی کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی دەکات و دوایین بڕیاری لەبارەوە دەدات.



ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی پرۆژەیەکی وەک ”نەخشەڕێگا“یەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانی کوردستان ئامادە کردووە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، تاوتوێی خاڵەکانی نەخشەڕێگاکە دەکرێت.



پێشتر سلێمان عەبدوڵا یونس، کادیری پێشکەوتووی سەر بە ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە نووسینێکیدا، کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردبووەوە، رایگەیاند بوو، پشکی زیاتری درێژەدان بە قەیرانەکان دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی.



سلێمان عەبدوڵڵا یونس پێیوایە پێویستە یەکێتی پێش ئەوەی نەخشەڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ”ئەوانی دی“، نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی خۆی ئامادە بکات، ”چونکە ئەگەر یەکێتی توانای خۆڕێکخستنەوە و ئیرادەی ڕاستەقینەی بۆ یەکگرتنەوەی درزەکانی خۆی نەبێت، ئەوا خەرەندی نێوان پارتی و گۆڕانی پێ پڕ ناکرێتەوە“.



تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی سێ کۆبوونەوەی لەبارەی ئەم پرسە ئەنجام داوە، کە لە هەر سێکیان بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بەشداریی نەکردووە.







باسنیوز
Top