ئاسایشی هه‌ولێر بكوژانی مه‌لا مه‌حموود ئاشكرا ده‌كات
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه بكوژانی ئه‌و مامۆستا ئایینییه‌ی شاری هه‌ولێر بریتیین له گروپێكی پێنج كه‌سی و جگه له‌و تاوانه چه‌ندین تاوانی دزی و هه‌ڵکوتانه سه‌ر ماڵان و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نییان ئه‌نجامداوه.
له‌به‌شێكی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كه وێنه‌یه‌كی بۆ(باس‌نیوز) نێردراوه هاتووه"به‌پێی دانپێدانانه‌کانی ده‌ستگیرکراوان، دوایین تاوانی ئه‌م گروپه، کوشتنی هاوڵاتی (محمود عثمان محمدامین) ناسراو به (مه‌لا محمود) بوو، که شه‌وی ٢٠١٧/١/٣١ له "شارى مناره" له پێش ماڵه‌که‌ی خۆی کوشتیان و نزیکه‌ی هه‌شتا هه‌زار دۆلاری ناوبراویان دزیوه، مه‌لا مه‌حمود پێشتر وتاربێژ بووه و خاوه‌نی نوسینگه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو بووه"
مه‌حموود عوسمان پێشووتر گوتاربێژی مزگه‌وتی (سلێمان محه‌مه‌دی)ی شاری هه‌ولێر بوو و كاتژمێر 11ی شه‌وی(31-1-2017) له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌شاری هه‌ولێر كوژرا.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه:-
راگه‌یاندراوێک له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه
دوای چه‌ندین رۆژ له لێکۆڵینه‌وه و چاودێری تیمه‌کانمان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر، توانرا گروپێکی پێنچ که‌سی (دزیكردن و کوشتن) ده‌ستگیر بکه‌ین که ده‌ستیان له چه‌ند تاوانێکی رێکخراوی ناو شاری هه‌ولێردا هه‌بووه.
گروپی ده‌ستگیرکراو پێکهاتوون له تاوانباران (محمد صابر عبدالله، گارق عزیز محمود، سه‌رکه‌وت کریم حمد، نزام شکر اسماعیل و کاوه محمد خچر).
به‌پێی دانپێدانانه‌کانی ده‌ستگیرکراوان، دوایین تاوانی ئه‌م گروپه، کوشتنی هاوڵاتی (محمود عثمان محمدامین) ناسراو به (مه‌لا محمود) بوو، که شه‌وی ٢٠١٧/١/٣١ له "شارى مناره" له پێش ماڵه‌که‌ی خۆی کوشتیان و نزیکه‌ی هه‌شتا هه‌زار دۆلاری ناوبراویان دزیوه، مه‌لا مه‌حمود پێشتر وتاربێژ بووه و خاوه‌نی نوسینگه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو بووه
له شاری هه‌ولێر.
به‌پێی دانپێدانانیان له‌لێکۆڵینه‌وه‌کاندا، گروپی تاوانکار ده‌ستیان له چه‌ندین تاوانی دیکه‌ی دزی و هه‌ڵکوتانه سه‌ر ماڵان و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیدا هه‌بووه.
لێکۆڵینه‌وه و رێککاره یاساییه‌کان به‌رده‌وامه و له ئاینده‌ی نزیکدا ورده‌کاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بۆ رای گشتی ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به پێویستیشی ده‌زانین سوپاسی هاوڵاتیانی شاری هه‌ولێر بکه‌ین، له هاوکاری به‌رده‌وامیان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و زانیاری پێدان له‌سه‌ر گومان‌لێکراو و تاوانباران.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر
bas news-
