ھەرێمی کوردستان و ھەنگاریا پڕۆژەیەکی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیری توندڕەوەی گەڵاڵە دەکەن

ھەرێمی کوردستان و ھەنگاریا پڕۆژەیەکی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیری توندڕەوەی گەڵاڵە دەکەن
دوای بانگھێشتێکی فەرمی لەلایەن وڵاتی ھەنگاریاوە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوێنی چوارشەممە، گەیشتە ئەم وڵاتە.


خالید دۆسکی، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستان، لە وڵاتی ھەنگاریا، لەگەڵ ئیشتیفان ئیگیارتۆ، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆشنبیریی ھەنگاریا، کۆبویەوە و لە میانی کۆبونەوەکەدا، وەزیری ڕۆشنبیری ھەرێمی کوردستان، داوای لە گەل و حکوومەتی ھەنگاریا، کرد کە بەشدار بن لەم شەڕە ھزرییەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە، بە تایبەت بۆ لەناوبردن و ڕیشەکێشکردنی بیری توندڕەویی، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ھەوڵی جدی بدرێت بۆ لەناوبردنی ئەم بیرە توندڕەوییە و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ڕووبەڕونەوەی تیرۆردا.


وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆشنبیریی ھەنگاریا، جەختی لە بەردەوامی ھاوکارییەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە، ھاوکات بڕیاردرا پڕۆژەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا سەبارەت بە میکانزمی چونیەتی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر، گەڵاڵە بکەن.


ھەر لەم کۆبونەوەیەشدا جەخت لەسەر دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ بوارە جیاجیاکانی ھونەر لە زانکۆکانی ھەنگاریا کرایەوە.
bas news-
Top