وەزارەتی ئەوقاف ئیدانەی تەقەکردن لە ماڵی مامۆستا ئاینیەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەکات
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت: "لە شارۆچکەی چەمچەماڵ تەقە لە ماڵی مامۆستا عبدولوەهاب سەنگاوی سەرۆكی لقی چەمچەماڵی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كراوە. وەزارەتی ئەوقافیش داوای دەستگیرکردنی تەقەكەران دەکات".
شەوی 22/2/2017 لە شارۆچکەی چەمچەماڵ تەقە لە ماڵی مامۆستا مەلا عبدولوەهاب سەنگاوی، سەرۆكی لقی چەمچەماڵی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كرا بێ ئەوەی ھیچ زیانی گیانی بەدواوە بێت.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە بەیامنامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، وێڕای ئیدانەکردنی ڕووداوی تەقەکرن لەماڵی مامۆستا ئایینییەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ لە دەقی بەیاننامەکەدا بەیاننامەكدا ئاماژە بەوەکراوە: "دەستێكی تێكدەر و ئاژاوەگێڕ كە لە چەند چەكدارێكی نەناسراو پێكهاتبوون تەقەیان لە ماڵی بەڕێز مامۆستا مەلا عبدالوهاب سەنگاوی كردوە جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانی لێ نەكەوتەوە.
ھەروەھا لە بەشێكی دیکە بەیاننامەكەدا ھاتووە، وەزارەتی ئەوقاف داوای لە دەزگا ئەمنییەكانی سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵ كردووە كە تاوانباران و تەقەكەرەكان بدۆزنەوە و بە سزای یاساییان بگەینن. چونكە زیادبوونی ئەو جۆرە كردەوانە گیانی لێبوردەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
پێشتر عەقید حەیدەر بێسەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”شەوی ڕابردوو، تەقە لە ماڵی مامۆستا عەبدولوەهاب عومەر، سەرۆکی لقی چەمچەماڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان کراوە، ئەو کەسانەی تەقەیان لە ماڵەکەی کردووە، ڕایانکردووە و لەلایەن پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”مامۆستا عەبدولوەهاب گوتوویەتی من کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، بەڵام لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکان دەرکراوە“.
bas news-
