بارزانی: پرسی سەربەخۆیی تەنیا پەیوەندی بەهەولێر و بەغداوە هەیە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "فرانكفۆرت ئەلگماینەر سایتۆنگ"ی ئەڵمانی، تیشكی خستە سەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و هەروەها باسیشی لە باكووری كوردستان كرد..
مەسعود بارزانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا رایگەیاند كە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە هەموو سەرۆكەكانی دیكەی توركیا بوێرتر بووە بۆ پرسی ئاشتی لە وڵاتەكەی و رۆڵی بەرز نرخاند. هەروەها گوتی بۆ بەرژەوەندی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا پێویستە سەركردەكانی هەدەپە (دەمیرتاش) و هاوڕێكانی ئازاد بكرێن.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیاری ئەوەی دایەوە كە توركیا و ئێران لەبارەی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نیگەرانن، گوتی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، پرسێكی ناوخۆیی بەغدا و هەولێرە.
بارزانی گوتیشی ئێمە پێویستیمان بە مۆڵەت و دەستێوەردانی هیچ كەسێك نییە بۆ ئەوەی ئێمە ئەم ریفراندۆمە ئەنجام بدەین و ئەوەی كە نەتەوەیەك بیەوێت، ریفراندۆم بۆ چارەنووسی خۆی بكات هیچ كێشەیەكی لەگەڵ پرەنسیپەكانی دیموكراسیەت و مافی مرۆڤدا نییە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی سنوورەكانی عێراق و سووریا هیچ مانایەكیان نەماوە؛ چۆن دەتوانین باسی وڵاتێكی یەكگرتوو لە عێراق و سووریا بكەین.
bas news-
