فوئاد حوسێن: بەبێ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران سەرناگرێ

 	 فوئاد حوسێن: بەبێ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران سەرناگرێ
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (فوئاد حوسێن) پێوەست بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزیری نەوتی عێراق و ئێران بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بە مەبەستی تێپەڕاندنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران دەڵێ، ئەو بڕیارە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەرێمی کوردستان، سەرناگرێ.

(فوئاد حوسێن) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیژنەی نەوت وغاز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و ئێراندا واژۆکراوە بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک لەوبارەوە بە فەرمیی بۆ پارێزگای کەرکووک نەهاتووە، بەڵام بەگوێرەی دەستوور بۆ هەر پرسێکی پێوەست بە کەرکووک دەبێ بڕیارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا بدرێ، بەڵام کە وەزارەتی نەوتی عێراق بەبێ گوێدانە ئێمە ئەوکارەی کردووە ئێمەیش پێیان دەڵێن کە هیچ کارێک بەبێ بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەرناگرێ و جێبەجێ ناکرێ.
دەشڵێ، تا ئێستا دیارنییە کە ئەو رێککەوتنە بۆ هەموو نەوتی کەرکووک کراوە یان تەنیا ئەو بڕە نەوتەی کە لەژێر دەستەڵاتی کۆمپانیای باکوورە، ئەگەر تەنیا بۆ ئەو نەوتە بێ کە کۆمپانیای باکوور ئیدارەی دەدا، ئەوا بڕەکەی کەمە.

(فوئاد حوسێن) ئاماژەیشی دا، ئەو بڕیارەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران داویانە بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان مەحاڵە سەربگرێ، لەبەر ئەوەی ئەو نەوتە بەخاکی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێ، جگە لەوەش کەرکووک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و دەبێ بۆ بڕیارێکی وا پرس بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بکرێ، جا بۆیە ئەو بڕیارە جێبەجێکردنی مەحاڵە.

روونیشی کردەوە، نەوتی کەرکووک بە بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێ، سێ کێڵگەی نەوت لە کەرکوودا هەن کە کۆمپانیای باکوور ئیدارەیان دەدا کە کۆی گشتیی بەرهەمهیننی نەوت لێی لە رۆژێکدا دەگاتە ١١٠ هەزار بەرمیل نەوت و، کێڵگەکانی بای حەسەن و ئاڤانەیش لەژێر دەستەڵاتی هەرێمی کوردستاندا ئیدارەدەدرێ کە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوت لێی لە رۆژێکدا دەگاتە ٢٦٠ هەزار بەرمیل نەوت.
kdp-
Top