پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدانییە مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران

 	 پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدانییە مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران
پرۆفیسۆری بواری جوگرافیای سیاسی، (خەلیل ئیسماعیل) دەڵێ، ئەمەریکا لەگەڵ ئەوە نییە کە جارێکی دیکە (مالیکی) ببێتەوە سەرۆکوەزیران.

(خەلیل ئیسماعیل)، پرۆفیسۆری بواری جوگرافیای سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێشبینی دەکرێ دوای گرتنەوەی تەواوی شاری مووسڵ کۆمەڵێک کێشە لە عێراق دروست ببن، کێشەکانیش تەنیا لەنێوان لایەنە عەرەبییە شیعەکاندا نابن، کە ئاخۆ ڕەوشی ناوچە سوننەکان بەکوێ دەگات، بەڵکو شیعەکان لەنێو خۆیاندا تووشی کێشەگەلێکی زۆر دەبن. بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەرسەرکردەیەکی عێراقی دەیەوێ لەسەر حیسابی ئەوانی دیکە، جەماوەر لە خۆی نزیک بکاتەوە. خۆپێشاندانەکانی ڕۆژانی ڕابردووی بەغدامان دیت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ھەرلایەنە و دەیەوێ شەقام بۆ خۆی بەکار بێنێت. ئێستا (مالیکی) کەوتووەتە خۆی بۆ وەرگرتنەوەی جلەوی دەستەڵات، کار بۆ ئەوە دەکات لەنێو شیعە و دەرەوەی شیعەدا پێگەی خۆی بەھێز بکات، تا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقدا سەرکەوێت.''

(خەلیل ئیسماعیل) دەشڵێ: ''کە کەسێک لە دەستەڵات دوورکەوتەوە، ئەوەندەی جەماوەر نامێنێت. (مالیکی) لە ھەشت ساڵی دەستەڵاتیدا سیاسەتی وای پەیڕەو کرد، زۆر بەخراپی لەسەری شکاوەتەوە. بە بۆچوونی من، ئێستا نە کۆماری ئیسلامیی ئێران و نە ئەمەریکاش لەگەڵ ئەوەدانین، جارێکی دیکە (مالیکی) بگەڕێتەوە سەر دەستەڵات، لەبەر ئەوە بە ھیچ شێوەیەک نابینم، (مالیکی) جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.''
KDP-
Top