تەقە لە ماڵی سەرۆکی لقی چەمچەماڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام دەکرێت

تەقە لە ماڵی سەرۆکی لقی چەمچەماڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام دەکرێت


دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر هێرشکردنە سەر ماڵی دوو برا لە چەمچەماڵ بە بۆمبی دەستی (نارنجۆک) کە هێرشبەرەکان ناسنامەی دژە تیرۆری یەکێتییان هەڵگرتبوو، جارێکی دیکە ڕووداوی تەقەکردن لە چەمچەماڵ سەری هەڵداوەتەوە و ماڵی مامۆستایەکی ئایینی کراوەتە ئامانج.



ئەمڕۆ چوارشەممە 22\2\2017، عەقید حەیدەر بێسەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”شەوی ڕابردوو، تەقە لە ماڵی مامۆستا عەبدولوەهاب عومەر، سەرۆکی لقی چەمچەماڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان کراوە، ئەو کەسانەی تەقەیان لە ماڵەکەی کردووە، ڕایانکردووە و لەلایەن پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”مامۆستا عەبدولوەهاب گوتوویەتی من کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، بەڵام لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکان دەرکراوە“.



بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، ”کەسە نەناسراوەکان بە چەکی جۆری کلاشینکۆف تەقەیان لەماڵی مامۆستا ئایینییەکە کردووە و فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە“.



بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، (باسنیوز) زیاتر لە جارێک پەیوەندی بە عەبدولوەهاب عومەر، سەرۆکی لقی چەمچەماڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەبارەی ڕووداوەکەوە بکات.



دیاردەی تەقەکردن لە ماڵی خەڵک و شوێنە گشتییەکان لە چەمچەماڵ، لە ماوەی ڕابردوودا هەبووە و دوای ئەوەی بە چەکی (ئاڕ بیجی) تەقە لە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا کرا کە قایمقامی چەمچەماڵ ”گرووپێکی نێو بزووتنەوەی گۆڕان“ی بەو هێرشە تۆمەتبار کرد. جارێکی دیکە، بە نارنجۆک هێرشێک بۆ سەر ماڵی ئاکۆ حەمەخەسرەو، مامۆستای زانکۆی چەرمۆ کە یەکێک بووە لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی پێشووی چەمچەماڵ و بەرهەم حەمەخەسرەو، ڕائیدی پۆلیسی هاتوچۆ کە برایەتی، کرا. دواتر ئەوە ئاشکرا کرا کە یەکێک لە هێرشبەرەکان دەستگیر کراوە و دەرکەوتووە کە ناسنامەی دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لابووە، بەڵام هێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی دوای دروستکردنی گرژی و بەکارهێنانی هێز، توانیویەتی دەستگیرکراوەکە ڕزگار بکات.

bas news-
Top