داواكاری گشتی توركیا داوای زیندانیكردنی دوو پەرلەمانتاری هەدەپە دەكات
داواكاریەكەی داواكاری گشتی توركیا لەچوارچێوەی لێپرسینەوەكانی دۆسیەیی تیرۆردایە لەو وڵاتەدا.
دادگای ئامەد دوسیەییەكی تایبەتی بە ئاڵتان تان لەسەر داوای داواكاری گشتی پەسەندكردووە، كەلە 304 لاپەڕە پێكدێت، كەپێشتر ئاڵتان تان لەسەر بڕیاری داواكاری گشتی ئامەد دەستبەسەركراو دواتر بەمەرج ئازاد كرا.
بە پێی دۆسیەكە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بەتۆمەتی پاراستن و بەڕێوەبردنی پڕوپاگەندەی پەكەكە داوای 17 ساڵ و نیو بۆ 38 ساڵ ونیو زیندانی بۆ ئاڵتان تان دەكەن.
هاوكات ئەمڕۆ چوارشەممە، داداگای ئامەد دۆسیەییەكەی تایبەتی داواكاری گشتی كەلەدژی مەراڵ دانیش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەدەنە پەسەندكرد، سێ تۆمەتی جیاوازی ئاراستەكردو داوای هەشت ساڵ و نیو بۆ 23 ساڵ زیندانی كرد.
بە پێی دوسیەكە مەراڵ دانیش بەشتاش بەئەندامبون و پڕۆپاگەندەی پەكەكە تومەتباركراوە .
لەماوەی نزیكەی 17 مانگی رابردوودا، هەشت هەزار و 432 ئەندامی هەدەپە و دەبەپە لەسەر دۆسیەی كەجەكەو پەكەكە دەستبەسەر و دەستگیركراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 360 كەسیان، هاوسەرۆكانی گشتی هەدەپەو پەرلەمانتارانو هاوسەرۆكی شارو ناوچەو شارۆچكەكانن.
دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەی ئاشتی و دەستپێكردنەوەی شەڕ لەنێوان پەكەكەو توركیا لە هاوینی ساڵی 2015، توركیا دەستیكردەوە بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی ئەو كەسانە لەسەر دۆسیەی كەجەكە.
بەپێی دۆسیەی كەجەكە لە لایەن دادگای ئەنقەرەوە لە نیسانی 2009 ئامادەكراوە "كەجەكە باڵی سیاسی پەكەكەیە لە توركیا و باكوری كوردستان و ئەو كەسانەی كە بڕیار لە پەكەكە وەردەگرن و پروپاگەندە بۆ پەكەكە دەكەن و بە زۆرەملێ هاوكاری دارایی لە بازرگانان و سەرمایەدارانی توركیا بو پەكەكە كۆدەكەنەوە دەبێت دەستگیربكرێن".
دوای ئەو بڕیارەی دادگای توركیا، پارتی كومەڵگای دیموكرات (دەتەپە) داخرا و ناوەكەی گۆڕا بۆ پارتی ئاشتی و دیموكراتی، لە 15 تشرینی یەكەمی ساڵی 2012 هەدەپە دامەزرا كە لە پێنج حیزبی سوشیال چەپی پێكهاتووەو بەدەپەش یەكێك بوو لەو حیزبانە.
xandan -
