جەعفەر شێخ مستەفا: عەرەبی سوننەی سنووری خانەقین دژی حەشدی شەعبی یەکیان گرتووە
(جەعفەر شێخ مستەفا)، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: ''ماوەیەک بوو خەڵکی هەموو پێکھاتەکانی ناوچەی خانەقین بە لێشاو پێوەندییان بە میلیشیای حەشدی شەعبیەوە دەکرد، تەنانەت کورد و سوننەشیان تێدابوو. بەڵام ئێستا خەڵکی ناوچەکە لە حەشدی شەعبی دەکشێنەوە.
بەشی زۆری ئەو خەڵکەش بۆ بژێوی ژیانی خۆیان پێوەندییان بە حەشدەوە کردبوو. حەشدی شەعبیش بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر ڕووی تێ بکات، چەند فەوجێکی لە گوندەکانی نزیک قەزای خانەقین جێگیر کرد و، ویستیان ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام دوای ئەوەی فەرماندەی لیواکەیان کوژرا، ئێستا خەڵک لە میلیشیای حەشدی شەعبی دەکێشنەوە و ترسیان لێ نیشتووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا چوار کەسیان لە کەمپی حاموڕابی لێ ڕفێندران و کوژران.''
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ خانەقین، جگە لە تیرۆریستانی داعش، ھەندێکجار خەڵکی ناوچەکە، خۆیان ڕەوشەکە ئاڵۆز دەکەن و دژی حەشدی شەعبی دەوەستنەوە، بەتایبەتی عەرەبی سوننە، کە نزیکەی 60 گوندێکی ناوچەکە پێکدێنن و گوندی وا هەیە 500 خێزانی تێدایە. عەرەبە سوننەکانی ناوچەکە، کە سەربە (عەشیرەتی نەدا)ن، هەموویان لە ترسی حەشدی شەعبی و خەڵکی شیعەی ناوچەکە یەکیان گرتووە.''
(جەعفەر شێخ مستەفا) گۆتیشی: ''حەشدی شەعبی بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ سەر ناوچەی جەلەولا، چونکە ملیشیای شیعە پێشڕەوییان کردبوو، ھێزەکانی پێشمەرگەش کەوتبوونە ئامادەباشییەوە و زۆری نەمابوو پێکدادان ڕوو بدات، لەبەر ئەوەی بە ناوی لەنێوبردنی داعش، خۆیان لە سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە نزیک کردبووەوە و دەیانویست ناوچەیەکی فرەوانتر بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵیانەوە، تەنانەت چەکی قورسیان پێ بوو. ئێستا لە سەعدییەوە تا دەگاتە ئیمام وەیس لە بندەستی ئەواندایە.''
kdp-
