چاودێرێکی سیاسی: ھەرێمی کوردستان ھەموو بنەماکانی دەوڵەتبوونی تێدا هەیە

چاودێرێکی سیاسی: ھەرێمی کوردستان ھەموو بنەماکانی دەوڵەتبوونی تێدا هەیە
چاودێری سیاسی، (شلێر عەزیز) دەڵێ، ھەرێمی کوردستان ھەموو بنەماکانی دەوڵەتبوونی تێدا هەیە، بۆیە وڵاتانیش، وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن و، پێویستە ھیچ کات بیر لەوە نەکەینەوە، کە جارێکی دیکە بگەرێینەوە بۆ بەغدا و دەبێ ھەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین.

چاودێری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، (شلێر عەزیز)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا ھەرێمی کوردستان، ھەموو بنەماکانی دەوڵەتبوونی تێدا هەیە، بۆیە لەلایەن وڵاتانیشەوە وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت و، سەرکردە و سەرۆکی ھەموو وڵاتان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی بۆچوونی ھەرێمی کوردستان دەربارەی شەڕی داعش وەربگرن.''

(شلێر عەزیز) گوتی: ''ئەگەر ئێمە، لە نێوخۆماندا یەکگرتوو بین، لە ماوەیەکی نزیکدا دەتوانین سەربەخۆییی خۆمان ڕابگەیەنین و لەوبارەیەوە پشتگیریشمان دەکرێت، چونکە ئێستا ئابوورییەکی باش و لەشکرێکی باش و دیبلۆماسییەکی باشمان ھەیە.''

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەڵێ: ''ئێستا ئەو سەرکردانەی لە وڵاتانەوە سەردانی عێراق دەکەن، سەردانی ھەرێمی کوردستانیش دەکەن، چونکە ھەرێم جێی متمانەی ھەمووانە.''
(شلێر عەزیز) لە درێژەدا دەڵێ: ''ئێمە چوار ساڵ لە بەغدا بووین، بۆمان دەرکەوت کە ئەوان ھیچ کاتێک ئامادە نین، کورد وەکو شەریکی خۆیان ھەژمار بکەن و ھەمیشە وەکو پلە دوو تەماشای کورد دەکەن، بۆیە پێویستە ھەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین.''

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێ: ''ناکرێ جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و، دەبێ ھەرگیز بیر لەوە نەکەینەوە و، پێویستە سەربەخۆ بین، لەبەر ئەوەی بەغدا ھەرکاتێک بەھێز بێت، شەڕ بەکورد دەفرۆشێت، بۆیە باشتر وایە ئەو دەرفەتەی بۆمان ڕەخساوە، لەدەستی نەدەین و سەربەخۆیی ڕابگەیەنین.''
kdp-
Top