سیستم و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان گۆڕانکاری تێدا دەکرێ
بەمەبەستی پێداچونەوەی ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن و ڕاھێنانی پزیشکی و لە پێناو ھەنگاونان بۆ بەدەستھێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ کۆلێژە پزیشکیەکانی ھەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو و، تێدا بڕیاری پێکھێنانی (بۆردی متمانەبەخشین درا)، ئەرکی ئەم بۆردە بریتیە لە داڕشتنی میکانزمێکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی زیاتری پڕۆسەی خوێندن و ڕاھێنان لەسەرجەم بەشە پزیشکیەکانی ھەرێمی کوردستان، لەھەمان کاتدا بۆردەکە سەرپەرشتی گۆڕانکارییەکانی سیستمی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان (پزیشکی گشتی، دەرمانسازی، پزیشکی ددان، پەرستاری و زانستە تەندروستیەکان) دەکات و، نەخشە ڕێگەی بەدەستھێنانی متمانەی نێودەوڵەتی دادەڕێژێت.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکاری وەزارەت بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزارەت بۆ دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و د.نوری ھەرزانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و ڕاگری سەرجەم کۆلێژە پزیشکیەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوون گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی سیستمی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکانی ھەریمی کوردستان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەش بەئامادەبوان کرد و دیدگا و پلانی ستراتیژی وەزارەتی بۆ چۆنیەتی پێشخستنی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان و گۆڕینی سیستمی خوێندنی پزیشکی لە کۆلێژەکان خستەڕو و لەو بارەیەوە وتی: زۆر گرنگە پێداچونەوەی بەردەوام بەبەرنامە و شێوەی کارکردن و بارودۆخی دامەزاوەکانمان لەبەر ڕۆشنایی بەرەوپێشچونی تەکنەلۆژیای زانستی بکەین، وتیشی خوێندنی پزیشکی یەکێکە لە کایە گرنگەکانی خوێندن و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و، لە دنیادا گرنگی و بایەخی زۆری ھەستیاری ھەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستەسەر گۆرانکارییەکانی سەردەم و لەو بارەیەوە وتی: خوێندن و ڕاھێنانی پزیشکی لە چەند ساڵی ڕابردودا گۆڕانکاری گەورەو گرنگی تێدا کراوە و، بەکارھێنانی تەکنەلۆژیاش ڕۆڵی گرنگی ھەبوە لەو گۆڕانکارییانە و ئاستی پزیشکی لە وڵاتانی دنیا گەیاندۆتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتو، ھەربۆیە گۆڕانکارییەکان وای کردوە ھەندێ زانست زیاتر لە زانستەکانی دیکە گەشە بکات و، ھەندێ لە زانستەکانی دیکە پەلی ھاویشتۆتە ناو زانستەکانی دیکە، ھەربۆیە زانستێک کە گەشەی کرد پێویستە ئامرازو پێداویستیەکانیش گەشە بکات، لەبەر ئەو ڕۆشناییانەو پێداویستیەکانی سەردەم پێویستە لەسەر دۆخی خوێندن و سیستمی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان ھەرێمی کوردستان بوەستین.
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند بەر لەوەی دەست بەکارەکانمان بکەین، پێویستە کۆمەڵێک پرسیار لەخۆمان بکەین و بپرسین ئایا ھەمو زانکۆکان لە ئەدائی کاری دەرچوەکانیان ڕازیین؟ ئایا خوێندکار کە زانکۆ تەواو دەکات ئاگاداری گۆڕانکارییەکانە؟ ئایا بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بڕۆین دەبێ چی بکەین؟ ئایا لە ئەدای مامۆسایانی کۆلێژە پزیشکیەکان ڕازیین؟، مامۆستایان لەو کۆلێژانە تا چەند خۆیان بۆ زانکۆ وپێگەیاندنی خوێندکاران تەرخان کردوە؟ ئاستی زانستی مامۆستایان و بەشدارییان لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان چۆنە؟ ئایا تاقیگە پزیشکیەکان لە چ ئاستێکدان و چۆن دەتوانین پێشیان بخەین؟ ئایا سیستمی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان لە چ دۆخێکدایە و پێویستە ئێمە چیبکەین بۆ پێشخستنی؟
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: بەر لەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ سیستمی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان بکەین، پێویستە ھەڵسەنگاندن بۆ سیستمی خوێندنی پزیشکی لە کۆلێژە پزیشکیەکان بکەین، بۆیە ئێمە لێرەدا کۆبوینەتەوە تەنھا مەبەستمان بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و زیادکردنی ژمارەی خوێندکار لە کۆلێژە پزیشکیەکان نیە، بەڵکو دەمانەوێ قسە لەسەر ئاستی زانسی مامۆستایان بکەین، پاشان ئێمە چ جۆرە سیستمێکمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین خوێندکارێک پێبگەێنین بتوانێ لەگەڵ گەشەکردنەکانی زانستەکاندا بڕوات و ھەموکات خۆی نوێ بکاتەوە، لێرەوە دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە، ئایا کاتی ئەوە ھاتوە بیر لە شێوازی گۆڕینی وەرگرتنی خوێندکاران بکەینەوە، چۆن بتوانین تەنھا نمرە نەکەینە پێوەری وەرگرتن لە کۆلێژە پزیشکیەکان، چۆن بتوانین سود لە ئەزمونی زانکۆ پێشکەوتوەکانی دنیا وەربگرین بۆ خوێندکار؟، ھەروەک دەبێ دوبارە بەبابەتی چەسپاندنی ئیتیکی کاری پزیشکی بچینەوە، بەشێوەیەک ئەرکی پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگە زیاتر بگرنە ئەستۆ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەبوانی کۆبونەوەکەی ڕاسپارد وەڵامی ئەو پرسیارانە بکەنە نەخشە ڕێگەی کاری داھاتویان لە پێناو پێگەیاندنی خوێندکارێکی پڕ زانست و زانیاری سەردەم بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد بنێین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د.یوسف گۆران تیشکی خستەسەر ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە خوێندنی یاسا کردویانەو لەو بارەیەوە وتی: پێشتر بەدرککردنی بە بارودۆخی کوردستان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە دنیا ڕودەدەن، خەریک بو توێژێک لە پارێزەران دروست دەبون، کە دابڕاوبون لە کۆمەڵگە و پێشکەوتنەکانی سەردەم، ھەربۆیە بڕیاری (گۆڕینی سیستمی خوێندنی بەشەکانی یاسا) مانداو پڕۆژەکەش سەرکەوتو بوو، بۆیە بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی کاری لێژنەی گۆڕینی سیستمی خوێندن لە بەشەکانی یاسا، دەتوانن کار بۆ داڕشتنەوەی سیستمی خوێندن لە کۆلێژەکانی پزیشکی بکەن، بەشێوەیەک میکانزمێکی گونجاو بۆ پڕۆگرامەکان و سیستمی وەرگرتن و چاکردنی ژینگەی خوێندن بۆ مامۆستا و خوێندکار دابڕێژنەوە، وتیشی ئامانجی سەرەکیمان لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پێگەیاندنی پزیشکی سەرکەوتو و بەئاگا لە گۆڕانکارییە زانستیەکان بۆ کۆمەڵگەکەمان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، و بڕیاری پێکھێنانی (بۆردی پسپۆڕی متمانەبەخشین) درا، ئەرکی ئەم بۆردە بریتیە لە داڕشتنی میکانزمێک بۆ بەستانداردکردنی دامەزراوە پزیشکیەکانی ھەرێمی کوردستان، لەھەمان کاتدا بۆردەکە سەرپەرشتی گۆڕنکارییەکانی سیستمی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان بۆ ھەریەک لە پسپۆڕییەکانی (پزیشکی گشتی، دەرمانسازی، پزیشکی ددان، پەرستاری، زانستە تەندروستیەکان) دەکات، لەو چوارچێوەیەدا نەخشەڕێی کارەکانی داھاتویان داڕشت.
payamner-
