پۆڵۆنیا لە گواستنەوەی ئەزموونی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال هاوکاری کوردستان دەکات
پسپۆڕانی وڵاتی پۆڵۆنیا لە مۆزەخانەی ئاوشفیتز بیرکێناو لە گواستنەوەی ئەزموونی پاراستنی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی ئەنفال و ڕاهێنان و بەرنامەی پەروەردەیی لەبارەی کۆمەڵکوژیی ئەنفال هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
وڵاتی پۆڵۆنیا ئەزموونی زۆری هەیە لەو پرسە، چونکە لەو وڵاتەدا گەورەترین کۆمەڵکوژی ئەنجام دراوە دژی مرۆڤایەتی. بەهاری ئەوساڵ سەردانی دووقۆڵی ئەنجام دەدرێت لە هەردوو لایەنەوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانەی هەردوولا لە سەری ڕێكکەوتوون.
ئەو بابەتەش تاوتوێ کرا لە میانەی سەردانی شاندێك لە کوردستانەوە بۆ پۆڵۆنیا بە سەرۆکایەتی بەڕێز محمود صالح حەمە کەریم وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال کە لە سەرەتای ئەو مانگە ئەنجام درا. ئەو سەردانە لە ئەنجامی زنجیرەیەك دیدار و هەوڵی نوێنەرایەتی حکومەت بوو لەگەڵ دەزگای مۆزەخانەی ئاوشفیتز بیرکێناو بۆ مەبەستی سود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ئەو مۆزەخانە لە چۆنیەتی پاراستنی پاشماوە و بەڵگەنامەکانی کارەساتی ئەنفال. نوسینگەی نوێنەرایەتی بەرنامەی مانەوەی شاندەکەی ڕێكخست، زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا یاوەری بەڕێز وەزیری کرد لە دیدارەکان.
لە میانەی سەردانەکە شاندی ناوبراو دیدارێکی دوو کاژمێری ئەنجام دا لەگەڵ بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئاوشفیتز-بیرکێناو. بە ووردی باسی ئەو شتانە کران کە گرنگن بۆ دروست کردنی پەیوەندی هاریکاری لە بواری پاراستن و ئەرشیف کردنی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی و شێوەی پیشاندانیان، هەروەها چۆنیەتی ئامادەکردنی بەرنامەی پەروەردەیی دەربارەی کارەساتی ئەنفال. لایەنی پۆڵۆنی ڕایگەیاند کە ئامادەن لەو بوارە هاوکاری پێشکەش بکەن. هەردوو لا ڕێكکەوتن کە شاندێك لە کوردستانەوە سەردانی پۆڵۆنیا بکات (2-3 کەس لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفال)، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بە ووردی ئاشنایەتی پەیدا بکەن لەگەڵ میتۆدەکانی کارکردن لە مۆزەخانەی ئاوشفیتز، هەروەها ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی کارمەندانی مۆزەخانەکە دەبنەوە لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.
دوای ئەوەش شاندی چەند پسپۆڕێکی مۆزەخانەی ئاوشفیتز سەردانێکی یەك هەفتەیی بۆ کوردستان بکەن، لەوێدا ئاشنایەتی لەگەڵ بارودۆخەکە پەیدا بکەن و ڕاهێنان و ڕێنمایی پێشکەشی کارمەندە کوردەکان بکەن.
بەشداربووانی چاوپێکەوتنەکە بڕیاریان دا لێکتێگەیشتنێك واژوو بکەن، لەسەر پێشنیاری جەنابی وەزیر "سەنتەری ستراتیژی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی جینۆسایدی کورد و ئەنفال" بەشێك بێت لە هاریکاری و هاوکارییەکان.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی مۆزەخانەی ئاوشفیتز-بیرکێناو-ی کرد کە هەستی تایبەتی لای هەمووان دروست کرد.
ئێوارە بۆ مەبەستی دروست کردنی دەرفەتێك بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدران و دەستەی دیپلۆماتی، نوێنەری حکومەت خوانێکی ئامادە کرد بۆ بەخێرهاتنی شاندەکە، کە تیایدا نوێنەرانی دەسەڵاتی ناوەندی (جێگری پارێزگاری هەرێمی مالۆپۆلسکا یوزێف گاڤرۆن Józef Gawron)، سەرۆکایەتی هەرێمی مالۆپۆڵسکا (جێگری سەرۆکی هەرێمەکە ڤۆیچێك کۆزاك Wojciech Kozak)، دەسەڵاتی شار (سەرۆکی ئەنجومەنی شاری کڕاکۆڤ بۆگوسلاڤ کۆشمیدێر Bogusław Kośmider)، هەروەها دەستەی دیپلۆماتی کۆنسوڵی گشتی فڕانسا لە کڕاکۆڤ فریدرێك دێ توشێ Frederek de Touchet، کۆنسوڵی فەخری کڕواتیا پاڤێڵ ڤلۆدارچك Paweł Włodarczyk و کۆنسوڵی فەخری ماڵتا ئاگنێشکا کامینسکا Agnieszka Kamińska و بەڕێوەبەری دیوانی پەڕلەمانی هەرێمی ماڵۆپۆڵسکا زدۆبیسلاڤ میلێڤسکی Zdobysław Milewski ئامادە بوون. شایانی باسە مەتران ڕەببانیش ئامادەبوو، کە بە سەردانێك لە وڵاتی پۆڵۆنیا بوو.
خوانەکە دەستی پێکرد بە بەخێرهاتن کردنی زیاد ڕەئوف لە میوانەکان و وتەیەکی بەڕێز وەزیر کە ئاماژەی دا بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو کارەساتانەی بەسەر میللەتی کورد هاتووە لە ڕابردوودا و ڕۆڵی ئێستای پێشمەرگە لە جەنگی دژ بەداعش، هەروەها وتەیەکی مەتران ڕەببان کە باسی چارەنوسی سەختی ئاوارەکان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانیش چارەنوسی کریستیانەکان. مەتران ئاماژەی دا کە دواڕۆژی کریستیانەکان بەندە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان. دواتر نوێنەرانی دەسەڵاتی پۆڵۆنیاش وتاری خۆیان پێشکەش کرد.
جێگری سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا ڤۆیچێك کۆزاك پشتیوانی و هاوسۆزی هەرێمەکەی بۆ کورد دووپات کردەوە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و جەنگی پێشمەرگەی دژی داعش و لەخۆ گرتنی ئاوارەکان بەرزنرخاند. هەروەها ڕایگەیاند کە هەرێمی مالۆپۆڵسکا تا ئێستا چەند جارێك یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان لە کوردستان ناردووە، وە ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە بریندارانی پێشـمەرگە وەربگرێت بۆ چارەسەرکردن.
دواتر جێگری پارێزگاری هەرێم یوزێف گاڤرۆن بەهەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ کورد و کوردستان دەربڕی و پاڵپشتی حکومەتی پۆڵۆنیاشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی داعش دووپات کردەوە. سەرۆکی ئەنجومەنی شاری کراکۆڤ بۆگوسلاڤ کۆشمیدێر ئارەزووی خۆی نیشاندا بۆ دروست کردنی پەیوەندی هاریکاری لەگەڵ هەر شارێکی هەرێمی کوردستان.
payamner-
