نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا پرسه هەنووکەییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوزای لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی "جۆ وێڵسن" ئەندامی کۆنگرێس و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وێڵسن خۆشحاڵی بە دووەم سەردانی خۆی و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕۆڵی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان بەرز نرخاند، ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری شەھیدانی شەڕی دژی تیرۆر ڕاگەیاند و ھیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ھیوای تۆکمەکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکای خواست و بەردەوامیی ھاوکارییەکانی وڵاتەکەیشی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. دواتر شاندی میوان چەند پرسیارێکیان سەبارەت بە چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئاراستەی بە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمەریکای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و ڕاھێنان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و ھاوکارییکردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، دووپاتیشی کردەوە کە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە بارگرانییەکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بووە و بەغداش لەم ڕووەوە ھاوکار نەبووە و ھیوای خواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاریی زیاتر ھەرێمی کوردستان بکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم کوردستان و حکوومەتی فیدرال، ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕووی سەربازییەوە ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان ھەردوولادا ھەیە و پەیوەندییەکان ئاسایین، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان، ھیچ پێشکەوتنێک دروست نەبووە. باسیشی لە ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان و ڕازیکردنیان بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە تاکو دوای ئازادکردنەوەی دەڤەرەکانیان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت.
payamner-
