وەڵامی کەناڵی ئەلجەزیرە دەدرێتەوە

 وەڵامی کەناڵی ئەلجەزیرە دەدرێتەوە
سکرتاریەتی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی کوژرانی تیرۆریستێکی داعش، وەڵامی کەناڵێکی عەرەبی دایەوە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەناڵی (ئەلجەزیرە)ی عەرەبی لە هەواڵێکدا تیرۆریستێکی داعشی بە عەرەبی ئاوارە ناساند و پێشمەرگەی بەوە تۆمەتبار کرد کە گوایە ئەو کەسەیان کوشتووە.

ڕۆژی چوارشەممە 22\2\2017، سکرتاریەتی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ، ئاماژەی بەوە داوە: ”کوژرانى تیرۆریست عەبدولغەنی یونس ئەلجبووری لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگە لە کاتى ڕووبەڕووبوونەوەى هێزەکانى پێشمەرگەدا“. ئەوەش ئاشکرا کراوە: ”لە بەرواری 21/2/2015 و لە بەردەوامیی شەڕى تیرۆریستانى داعش لە میحوەرى (ئاسکى مووسڵ)، تیرۆریستێک بە ناوى (عەبدولغەنی یونس ئەلجبوورى)، لە کاتى شەڕ لە دژى هێزەکانى پێشمەرگەدا کوژرا، پاش ئەوەى کە بریندار دەبێت و هەوڵى تۆڵەسەندنەوە لە پێشمەرگە دەدات. ناوبراو کەوتە بەر هێرشى پێشمەرگە و لە ئەنجامى ئەم شەڕەدا هاتە کوشتن و لە ناوچوو، هەر لەم ڕووداوەدا سێ تیرۆریستى دیکە خۆیان حەشار دابوو لە گوندێک لە دەڤەرى (ئاسکى مووسڵ) و توانییان خۆیان ڕزگار بکەن و تەنیا تیرۆریست (عەبدولغەنی یونس ئەلجبوورى) لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کوژرا“.

هەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا ئەوە دووپات کراوەتەوە: ”تیرۆریستى ناوبراو بە هیچ شێوەیەک ئاوارە نەبووە، بەڵکو لە پاش شەڕێکى قورس کوژراوە لە بەرەکانى جەنگ و لە کاتى شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و تیرۆریستان. لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە هەوڵى زۆر درا کە ناوبراو بە بریندارى دەستگیر بکرێت، بەڵام تیرۆریستان وەک نەریتى هەمیشەییان، خۆى نەدا بەدەستەوە و بە بریندارى لە لایەن هێزى پێشمەرگەوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامى ئەو شەڕ و پێکدادانەدا کوژرا“.











باسنیوز
Top