سەفین دزەیی: حکوومەت گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکات

 سەفین دزەیی: حکوومەت گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکات
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکوومەت کار لەسەر ئەوە دەکات، گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەی فەرمانبەراندا بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22\2\2017، سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد: “وەزارەتی دارایی ڕاسپێردراوە بە پێداچوونەوە بە خەرجیی حکوومەت، دوای ئەوەی هەنگاو نرا بۆ کەم کردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، دواتر راپۆرتێک رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرا بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییان هەبێت، ئەو کاتە دەمانەوێت لەسەر ئەو داهاتەی کارەکانی خۆی ئەنجام بدات”.

جەختیشی لەوە کردەوە: “دوای ئەوەی شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی نیشتمانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، بڕیارە لە کوردستانیشەوە شاندێکی سیاسی و حکوومی سەردانی بەغدا بکات، بەڵام تائێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە، چونکە بەغدا سەرقالی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵە و رەنگە نەتوانن تەرکیز لەسەر ئەو هەموو شتە بکەن، بۆیە دەبێت ئەو شاندە لە کوردستان بڕوات، بە وردی قسە لەسەر پرسەکان بکات و قسە لەسەر داهاتووی کوردستان بکات لە بەغدا، بۆیە دەبێت کەشێکی گونجاو هەبێت بۆ ئەو شاندە".

سەفین دزەیی باسیشی لەوە کرد: "لەبارەی پرسی مووچەوە لە ساڵی 2016، حکوومەت بڕیارێکی دەرکرد، بەڵام بڕیارێکی زەحمەت بوو، بەڵام دەبووایە بدرابایە، ئێستاش وەزارەتی دارایی و لایەنی پەیوەندیدار دەیانەوێت لەسەر بنەمای داهاتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە سیتسەمی مووچەدا بکەن، لەسەر ئەو بنەمایە گۆڕانکاری بکرێت، بەڵام تائێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، چونکە دراسە نەکراوە، هەر بڕێک هەبێت لەبەرژەوەندیی مووچە خۆرانە، هەر کاتێک لێژنەکان کارەکانیان کرد، ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت".

گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانی بەوەدا نا کە مووچەخۆران کێشەیان هەیە و دەیانەوێت لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێ بدرێت. گوتیشی: “ئەوە دەمێنێتەوە سەر کات و داهاتی کوردستان کە چۆن گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکرێت، بۆیە حکوومەت لەسەر بنەمای داهاتی کوردستان بڕیار لەبارەی بابەتی سیستەمی مووچە دەدات”.

سەفین دزەیی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئێستا کۆمپانیای نێودەوڵەتیی گەورە و مام ناوەندی ڕوو لە کوردستان دەکەن، بڕیارە لە داهاتوو بەرهەمی نەوت زیاد بکرێت، ئەو کاتە ئەگەر فرۆشی نەوت زیاد ببێت، سەقامگیریی بازاڕ هەبێت، ئەوە برەودان بە بازاری نەوتی کوردستان زیاد دەبێت. وەک ئەو باسی کرد.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە سیستەمی بایۆمەتریی مووچە کرد و ڕای گەیاند: “پرۆسەی بایۆمەتری بە جددی کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی کوردستان تۆمار بکرێت، لە سەرەتای مانگی سێ ئەو پرسە کۆتایی دێت، ئەو کاتە ڕێژەی مووچەخۆری ڕاستەقینە دەردەکەوێت و مووچەخۆری سەر دیوار و بن دیوار و تەنیشتە دیوار دەردەکەوێت، ئەو کاتە هەنگاوی دیکە بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە دەنرێت”.
















باسنيوز
Top