حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی کەناڵێکی تەلەڤزیۆن دەداتەوە

 حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی کەناڵێکی تەلەڤزیۆن دەداتەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مافی کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکانی کوردستان وەڵامی کەناڵێکی ئەمریکی دەداتەوە.



لە وەڵامەکەدا،، دیندار زێباری، سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە هێزێکی تایبەت بۆ ئێزدی و مەسیحییەکان دامەزراوە و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات.



کەناڵی فۆکسی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، کە هێزەکانی پێشمەرگە رێگریی لە گەڕانەوەی هاووڵاتییە مەسیحی و کوردە ئێزدییەکان بۆ ناوچەکانیان دەکەن.



حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێک لەو هاووڵاتییە ئاوارانە بۆ بوونی هەزاران بۆمبی چێندراو لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش و بوونی شەڕ لەو ناوچانە، دەگەڕێنیتەوە.



چەندین جار بەرپرسانی باڵای جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەهۆی ئەوەی ئاوارەکانی عێراقی لەخۆ گرتووە و خزمەتی کردوون.



هەروەک بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان باسی دەکەن، بەهۆی ناکۆکییە تائیفییەکان و داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە بەشێکیان لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.



دەقی وەڵامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:



سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ھێزێکی تایبەت بە کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە کە وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیان دەکات و رۆڵێکی گرنگیان ھەبووە لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان



ھەردوو تۆڕی ھەواڵی ئەمریکی (فۆکس نیوز و ئینڤێستیگەیت پرۆجێکت) دوو راپۆرتیان دەربارەی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی دەست داعش بڵاوکردۆتەوە لە ژێر ناونیشانی (حکومەتی ھەرێم ڕێگری لە گەڕانەوەی کریستیان و ئێزیدییەکان دەکات بۆ سەر زێدی خۆیان) لەو دوو راپۆرتەدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە میلیشیا وەسف کراوە و حکومەتی ھەرێمی تۆمەتبار دەکرێت بە درووستکردنی بەربەست بۆ گەڕانەوەی ھاووڵاتییە ئێزیدی و کریستیانەکان بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان و ھێنان و بردنی کەلوپەل بۆ ئەم ناوچانە.



لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ھەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ئابووری سەخت و دژواردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات بەپێی توانا پێداویستیی ئەو ئاوارانەی دابین بکات کە لە پێکھاتە ئایینی و مەزھەبیە جیاجیاکانن و روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا کە بەشی ھەرە زۆریان لە کریستیان و ئێزیدی پێکھاتوون، ھەر لەم رووەوە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کوردستان بە پەناگەی ئارامی ئاوارە و پەنابەران وەسف دەکەن و ستایشی رۆڵی حکومەتی ھەرێمیان کردووە کە لە رێگای دامودەزگا فەرمییەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی ھەرێم لەوانەش دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە راگوێزراوان بکات و بە باشترین شێوە کەمپەکان بەڕێوەبەرێت کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ کەمپ دەبێت، ھەروەھا دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بە ھەزاران بریندار و نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ھەولێر و دھۆک چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و ئۆفیسی رێکخەری کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA) لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەم لایەنە کردووە و ستایشی ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمیان کردووە لەم رووەوە.



سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان زێباری وتی: بەپێی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێکی ھاووڵاتیانی ئەم ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەیەوە لە ھەماھەنگیدایە، بەڵام لە کاتی دەستبەسەردا گرتنی ھەر ناوچەیەک داعش سیاسەتێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدات و ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی دەکات ھەمووی مینڕێژ دەکات و بۆمب و تەقەمەنی زۆر پێشکەوتوویان بەکارھێناوە لە تەقاندنەوە و وێران کردنی خانووەکان کە زۆریان دروستکراوی خۆیانن، ھەروەھا بۆ ماوەیەک ئەو ناوچەیە گۆڕەپانی شەڕێکی قورس و بۆردومانی بەردەوام بووە بەمەش وێرانی و کاولکارییەکی زۆر روویداوە و رێگربووە لە گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە. ھۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەی ھاووڵاتیانی بۆ جێگاکانی خۆیان پەیوەندی بە بارودۆخی ئەمنی و تەندروستییەوە ھەیە و ئەستەمە لە ئێستادا ئەو خزمەتگوزارییە پێویستیانە بە ناوچە تازە ئازادکراوەکان بگات، جگە لەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکە تا ئێستاش بەو بۆمب و تەقەمەنیانە مینڕێژکراوە کە داعش لە دوای خۆی دایناوە و سەرەڕای ھەوڵەکانی دەزگای گشتی مین و تیمەکانی ئەندازیاری بۆ پاککردنەوەی بە ھۆی زۆری ژمارەی مینەکان مەترسی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان ماوە. دیندار زێباری ئەوەشی راگەیاند: ئەم ھۆکارانە گەڕانەوەی خەڵکەکەیان ئەستەم کردووە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ھیچ بڕیارێک لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە لە ئارادا نییە سەبارەت بە رێگە گرتن لە گەڕانەوەی ھاووڵاتیانی کریستیان و ئێزیدی بۆ سەر زێدی خۆیان، چونکە ژمارەیەکی زۆر لەو ھاووڵاتیانەی روویان لە وڵاتی سوریا کردبوو یان لە موسڵ مابوونەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی وتا ئێستا زیاتر لە (٢٠٠٠) خێزان لە موسڵ یان لە وڵاتی سوریا ھاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون لە سالی ٢٠١٦. بەشێکیشیان چوونە بۆ پارێزگای دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ بوونە.



زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە کریستیان و ئێزدییەکان ھیچ میلیشیایەکی چەکدارییان نییە، بەڵکو ھێزی فەرمییان ھەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لەم بارەوە وتی: زۆربەی ئەو ناوچەیەی کە کریستیان و ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێ کراون دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات گشت مافەکانیان دەستەبەر بکات و بۆ ئەم مەبەستە ڕەشنوسی ھەرێمی کوردستان دەڵێ: ئۆتۆنۆمی بۆ مەسیحیەکان و تورکومان و پێکھاتە نەتەوەییەکانی ترە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٤ و پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش و ھێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان بە فەرمانێکی جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھێزێکی تایبەت بە کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە کە لە نزیکەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێکھاتوون کە وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتیان دەکات و ڕاھێنان و چەک و پێداویستی سەربازیشیان بۆ دابین دەکات. ئەم ھێزانە لە دوای پرۆسەی رزگار کردنی موسڵ رۆڵێکی گرنگیان ھەبووە لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان بەتایبەتی لە شەڕەکانی رۆژئاوای ساری موسڵ و باشیک و سنووری شنگال وئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدی و کریستیانەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەھێزەکانەوە بکەن، بەڵام تۆمار کردنی ناوەکانیان وەستاوە بەھۆی قەیرانی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.



سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رێگا نەدان بە ھێنان و بردنی کەلوپەلی جۆراوجۆر بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان گوتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێگا ناگرێت بە ھێنان و بردنی کەلوپەل بۆ ئەو ناوچانە بەڵکو رێوشوێنی تایبەتی داناوە لەم رووەوە و بۆ مەبەستە و لەم بارەوە رێگا نادات بەو ماددانەی کە دوولایەنە بەکاردەھێنرێن بچنە ناوچە تازە ئازاد کراوەکان وەک: پەیینی کیمیاوی و یۆریا، چونکە تیرۆریستان دەتوانن سوودیان لێوەربگرن، خەڵکی ناوچەکان بۆیان ھەیە بچنەوە ناوچەکانی خۆیان و ھاتوچۆ بکەن، لە ھەمان کاتدا گشت دامودەزگاکانی حکومەت و رێکخراو و لایەنە مرۆییەکان بۆیان ھەیە بچنە ناوچەکە بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری و خزمەتگوزارییە پێویستەکان. بەڵام وەرگرتنی رەزامەندی بۆ ھێنانی کەلوپەلی بینا کردن و مەڕو ماڵات، دەوەستێتە سەر داواکاری و پێداویستی ناوچەکە.



لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزە ئەمنییەکان رێگایان لە ئێزیدی و کریستیان و پێکھاتەکانی دیکە نەگرتووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام رێوشوێنی تایبەت لە ھەندێک شوێن دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و ئاسایشی ئەو ناوچانە، ھەروەھا بەپێی توانا درێغی نەکردووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ئاوارەکان و بەردەوامە لەو خزمەتگوزاریانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە بەیاننامە و لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەم کارانەی حکومەت کردووە و ستایشی ئەم ھەوڵانەیان کردووە.











باسنيوز
Top