هەولێر.. كۆنفڕانسێک بۆ هۆكارەكانی كۆچی گەنجان بەڕێوە چوو

 هەولێر.. كۆنفڕانسێک بۆ هۆكارەكانی كۆچی گەنجان بەڕێوە چوو
دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی كۆچی گەنجانی كورد بەرەو وڵاتانی ئەورووپا، تێڕوانینی تازەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆنفرانسێكی زانستی دەستی پێ کرد.



ئەو كۆنفرانسە كە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە سەرەتادا محەمەد هاودیانی وەزیری کار و كاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە ڕۆڵی گەنجانی كوردستان كرد لە كۆمەڵگەی كوردی و بە هۆكارێكی گرنگی پێشكەوتنی وڵاتی دەستنیشان كردن، هەروەها ئەو مەترسییانەی ئاشكرا كرد كە بەهۆی كۆچی گەنجانەوە لە كوردستان سەرهەڵ ددەدەن، چونكە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تاكوو ئێستا %95ی ئەوانەی كۆچیان كردووە گەنجانی تەمەن 22 تا 35 ساڵن.



هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە نابێت لە هیچ وڵاتێكدا گەنجان بێ هیوا بكرێن بۆ ئەوەی وڵات بەجێ نەهێڵن، لە هەرێمی كوردستانیش لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت بەهۆی شەڕی داعش ژمارەیەكی زۆر لە گەنج كورد كوردستانیان بەجێ هێشتووە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێم ئاوڕی جیدی لە پرسی دیاردەی كۆچ بەگشتی و كۆچی گەنجان بەتایبەتی بداتەوە و كارێك بكرێت متمانەیان بۆ بگێڕدرێتەوە.



لە كۆنفرانسەكەدا لوسی سمیس، كونسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦دا شەشسەد هەزار گەنج لە وڵاتانی جیهانەوە بەرەو بەریتانیا كۆچیان كردووە و لە بەرانبەردا تەنها (300) سێسەد گەنجی بەریتانی وڵاتیان بەجێ هێشتووە.



هاوکات شاكر یاسین، بەڕیوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێم روونی كردەوە كە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو گەنجانەی چوونەتە دەرەوە و توانیان سوودێكی ئابووریی زۆر بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن لە ڕێگەی ئەو هاوكارییە ئابوورییانەی كە بۆ خێزان و كەسوكار و پرۆژەی ئابووری لە كوردستان پێشكەشیان كردووە، و بەبڕی شەش سەد ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.



هەروەها گوتیشی: ئێستا نزیكەی 1 ملیۆن و 700 هەزار كورد لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا دان.









باسنيوز
Top