گۆڕان هۆشداری بە یەکێتی دەدات
ئەمیر حاجی کەمال، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی سۆرانی بزووتنەوەکە، ڕاگەیاند: وەک قۆناغی یەکەم، لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، بڕیار درا فراکسیۆنی هاوبەش کارا بکرێتەوە، چاوەڕوانین هەنگاوی دیکەش هەبێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ڕەنگە نیگەرانی هەبووبێت لەشێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەوانیش لەدەرەوەی جیڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانن، ئێستا هەست دەکەین کە یەکێتی نییەتی باشتر و جددیەتی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە".
بە بڕوای ئەمیر حاجی کەمال، یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکە، بۆیە ڕێککەوتنی لەگەڵدا کراوە. گوتیشی: “کاتێک ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کرد، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی گۆڕان هۆشداری بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا و گوتی: “داواکارین یەکێتی بە جددی هەنگاو بنێت، ئەگەر ئەوە نەکات، دۆخی کوردستان لە ئاقارێکی خراپدا گوزەر دەکات”.
باسنيوز
