گۆڕان هۆشداری بە یەکێتی دەدات

 گۆڕان هۆشداری بە یەکێتی دەدات
بەرپرسی مەکۆی سۆرانی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشداری بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، ئەوا دۆخی کوردستان “لە ئاقارێکی خراپدا گوزەر دەکات”.



ئەمیر حاجی کەمال، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی سۆرانی بزووتنەوەکە، ڕاگەیاند: وەک قۆناغی یەکەم، لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، بڕیار درا فراکسیۆنی هاوبەش کارا بکرێتەوە، چاوەڕوانین هەنگاوی دیکەش هەبێت”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ڕەنگە نیگەرانی هەبووبێت لەشێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەوانیش لەدەرەوەی جیڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانن، ئێستا هەست دەکەین کە یەکێتی نییەتی باشتر و جددیەتی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە".



بە بڕوای ئەمیر حاجی کەمال، یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکە، بۆیە ڕێککەوتنی لەگەڵدا کراوە. گوتیشی: “کاتێک ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کرد، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە".



لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی گۆڕان هۆشداری بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا و گوتی: “داواکارین یەکێتی بە جددی هەنگاو بنێت، ئەگەر ئەوە نەکات، دۆخی کوردستان لە ئاقارێکی خراپدا گوزەر دەکات”.






باسنيوز
Top