داعش دیواری نێوان ماڵەكانی دیوی راستی موسڵ دەڕوخێنێ
ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەكی ناوەخۆیی شاری موسڵ رایگەیاند هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش فەرمانیان بەخەڵكی دیوی راستی موسڵ كردووە دیواری نێوان ماڵەكانیان بڕوخێنن، بۆ ئەوەی یارمەتی ئاسانكردنی جوڵە و گواستنەوەكانی هێزەكانیان بدەن.
بەپێی سەرچاوەكە كە زانیارییەكانی بۆ كەناڵی "سۆمەریە"ی عێراقی ئاشكرا كردووە، داعش دەیەوێ لەنێوان ماڵەكاندا لەكاتی پێویستدا بەئاسانی رابكەن، هەروەها دەستیان بەسەر ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی خەڵكی شارەكەدا گرتووە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بەربەست بۆ هاتنە پێشەوەی هێزە عێراقییەكان دروست بكەن، یان بۆ تەقاندنەوە بەكاریان بێنن.
داعش هەڕەشەی كوشتنیشی لەو ماڵانە كردووە كە ئامادە نەبن دیواری نێوان دراوسێكان بڕوخێنن، هەروەها ئەوەی ئامادە نەبێ ئۆتۆمبێلەكەی بخاتە ژێر دەستی چەكدارەكانی داعش، ئەوا هەڕەشەی لێ دەكەن لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەی دەیسوتێنن.
بەم هۆیەوە خەڵكی گەڕەكی مەئمون و دەوروبەری سەربازگەی غەزلانی ناچار كراون ماڵەكانیان بەجێ بێڵن، بۆ ئەوەی چەكدارەكانی داعش وەك سەربازگە و حەشارگە بەكاریان بێنن، هەروەها بۆ ئەوەی قەناس بەدەستەكانیان لەوێدا بڵاوبكەنەوە.
دوێنێ دووشەممە هێزە عێراقیەكان رایانگەیاند لە زۆربەی بەرەكانی شەڕی رۆژئاوای موسڵدا سەركەوتنی بەرچاویان بەسەر هێزەكانی داعشدا بەدەست هێناوە.
bas news-
