ھەموو ئامادەکاریەکانی دابەشکردنی پارەی ھاندانی ماموستایان تەواو بووە
یەکێتی ماموستایانی کوردستان رایدەگەینێت، ھەموو ئامادەکاریەک بۆ دابەش کردنی پارەی ھاندانی ماموستایان تەواو بووە و تەنھا ماوە دابەش بکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی تائێستا ئەو کارەی نەکردووە و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە لە یاداشتێکدا داوامان کردووە پەلە بکرێت لە دابەش کردنی ئەو پارەیە.
سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە یەکێتی ماموستایانی کوردستان "ئەکبەر سدیق" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی کۆمەڵێک رێنمایی لەبارەی پارەی ھاندانی ماموستایان دەرکردبوو ئێمەش تێبینیمان لەسەر خاڵی شەشەم ھەبوو کە باس لەوە دەکات پێویستە ماموستایان بەشە وانەی تەواو بڵێنەوە بۆ ئەوەی پارەکەیان پێبدرێت، بەڵام ئێمە داوامانکرد ھەموو ماموستایان بگرێتەوە نەک ئەوانەی بەشە وانەی خۆیان دەڵێنەوە، بۆیە ئەم کێشەیە چارەسەر بووە و لەئێستادا ھەموو ماموستایان دەگرێتەوە."
ئەکبەر سدیق گوتی: پارەی ھاندانی ماموستایان لە ١/١٢/٢٠١٦ـەوە بۆ ماموستایان ھەژمار دەکرێت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ١٤ملیاردیناری بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە کردووە بۆ ئەوەی دابەشی بکات و وەزارەتی پەروەردەش فۆڕمی ھاندان کە لەلایەن ماموستایان پڕکراوەتەوە لەگەڵ لیستی ناوی ماموستایان رەوانەی وەزارەتی داراییی کردووە و ھەموو ئامادەکاریەک کراوە و تەنھا ماوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
سدیق روونیشی کردەوە: لەئێستادا ھیچ کێشەیەک نەماوە بۆ دابەشکردنی پارەی ھاندانی ماموستایان، بەڵام نازانین وەزارەتی دارایی بۆ دابەشی ناکات، بۆیە ئێمەش یاداشتێکمان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە و دارایی کردووە کە پەلە بکرێت لە دابەشکردنی ئەو پارەیە، چونکە پارەکە خۆی ھاندانە نابێت دوابکەوێت و پێویستە بەزوویی دابەش بکرێت.
پارەی ھاندانی ماموستایان بۆ ماموستایانی ناوشار ١٠٠ھەزار دینار و بۆ ماموستایانی دەرەوەی شار ١٥٠ھەزار دینارە.
payamner-
